سەدر: پێویستە تەواوی بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا لە عێراق دابخرێن

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، دەبێت هێزە بیانییەکان لە عێراق بچنە دەرەوە. هەروەها داوای داخستنی ئاسمانی عێراق بەڕووی فڕۆکە سەربازی و هەواڵگریی و سیخوڕییەکانی وڵاتە بیانیەکانی کرد.

سەدر بەیاننامەیەکی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە و لە چەند خاڵێکدا داوای چوونەدەوەی ئەمریکا لە عێراق دەکات.

یەکەم: داخستنی تەواوی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق

دووەم: داخستنی بارەگای کۆمپانیا ئەمنییەکانی ئەمریکا و کۆتاییهێنان بە کارەکانیان لە عێراق.

سێیەم: داخستنی ئاسمانی عێراق بەڕووی فڕۆکە سەربازی و هەواڵگریی و سیخوڕییەکانی داگیرکەر.

چوارەم: هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ڕێککەوتنە ئەمنییەکان لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەر، بەهۆی نە پاراستنی هاوسەنگی نێودەوڵەتی تیایاندا.

پێنجەم: لەسەر ترامپ پێویستە بڕیارو لێدوان لەبارەی عێراقەوە نەدات

شەشەم: پێویستە وڵاتان دەستوەردانەکانیان لە عێراق کۆتایی پێ بهێنن و مامەڵە داگیرکارییەکانیان لەگەڵ عێراق کۆتایی پێبهێنن.

ف.ق