١٠٠ سینەماكار داوا لەهێزە ئەمنیەكانی ئێران دەكەن چەكەكانیان دانێن

سینەماكاران كارەساتی ڕووداوەکەى متروپۆل و ناڕەزایەتییەكانی دوای ئەو كارەساتەیان بە "تۆڕەیی گشتیی لەگەندەڵی، دزی، ناشارەزابوون، سەركوت و بێدەنگكردنی گەل" ناوبردووە، كە بووەتە هۆی "شەپۆلی ناڕەزایەتیەكانی گەل".

رۆژی یەكشەممە ٢٩ی ئایار نزیكەی ١٠٠ سینەماكار راگەیەندراوێكیان لەسەر كارەساتی داڕوخانی باڵەخانەی "مترۆپۆل"لە ئابادان بە سەردێڕی "چەكەكانتان دابنێن" بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "شەپۆلی هەڵكشاوەی گەلی زۆڵمكێشاو لە شوێنە جیاوازەكانی ئێرانەوە هاواری هاوئاهەنگی و هاوخەمی لەگەڵ گەلی ئابادانیان بەرز كردەوە".

واژووكەرانی راگەیەندراوەکەى سینەماكاران، كارەساتی متروپۆل و ناڕەزایەتیەكانی دوای ئەو كارەساتەیان بەهۆكاری "تۆڕەیی گشتی لەگەندەڵی، دزی، ناشارەزابوون، سەركۆت و بێدەنگكردنی گەل" ناوبردووە، كە بووەتە هۆكارێك لە "شەپۆلی بەیەكەوە بەستراوە لەناڕەزایەتیەكانی گەل".

ئەم سینەماكارانە لەبەردەوامیدا بە ئاماژەدان بەهێزە ئەمنیەكان كە بۆ سەركوتكردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان رەوانەی ئابادان كراون نوسیوویانە: "داوا لەهەموو ئەو كەسانە دەكەین لە یەكە سەربازیەكاندا بوونەتە ئامرازێكی سەركوتكردنی گەل، داواكارین  چەكەكانتان دانێن و بگەڕێنەوە ئامێزی گەل".

بەهۆی رووداوی هەڵوەشینی باڵەخانەی مترۆپۆل لەئابادان و بەگوێرەی ئامارە فەرمییە بڵاوكراوەكان تا ئێستاكە ٢٩ كەس گیانیان لەدەستداوە و بەدەیان كەسیش لەژێر دار و پەردوی باڵەخانە ڕووخاوەكەدا ماونەتەوە، كە ئێدی هیچ هیوایەك بەمانەوەیان لە ژیاندا نەماوە. ئەم كارەساتە بووە هۆی ناڕەزایەتیی بەرفراوان لەم شارە و چەند شارێكی تری ئێران، كە تا هەنۆكەش ناڕەزایەتیەكان بەردەوامن.

ناڕەزایەتیی بنەماڵە و كەس و كاری قۆربانیانی كارەساتەكە و هاوخەمی ناڕەزایەتیكاران لە شارەكانی تر رووبەرووی هەڵوێستی توندی هێزە ئەمنی و یەكە تایبەتەكانی رژێمی بوویەوە و لەم رووبەرووبوونەوانەشدا گازی فرمیسكرێژ و فیشەكی ساچمەیی لەبەرامبەر بەگەل بەكارهێنراوە.

رژێمی ئێران دوای شەش رۆژ بەسەر تێپەڕینی كارەساتی ڕووخانی باڵەخانەكەی مترۆپۆل و ناڕەزایەتیی خەڵكی و تۆڕەبوونیان بنەماڵەی قۆربانیان، تازە بڕیاریدا رۆژی یەكشەممە وەكو رۆژی ماتەمینی گشتی راگەیەنێت.

ژ.ت