٦ ژن و ١٦ منداڵی داعش رادەستی بەلجیکا کرانەوە

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ٦ ژن و ١٦ منداڵی داعش رادەستی حکومەتی بەلجیکا کرد.

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە ١٩ی حوزەیراندا پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا بە سەرۆکایەتی لوبنین هوبیرت کۆرمان نوێنەری تایبەتی بەلجیکا بۆ سوریا کرد.

عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی کۆمیتەکە و جێگری هاوسەرۆکایەتی فەنەر ئەلگێت و ئەبیر عەلیا پێشوازیان لە شاندەکە کرد.

هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر زۆر بابەتی هاوبەش و گرنگی چارەسەری سیاسی لە سوریا بە پێی بریاری ٢٢٤٥ کرد. هەروەها باسی هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، دۆخی ئابوری و مرۆیی لە هەرێمەکانی خۆڕێوەبەری و دۆخی کەمپەکان و ئاوارەکانکرا.

عەبدولکەریم ءومەر وتی، " هەڕەشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەگەڵ خۆی ئاڵۆزی و نائارامی دەهێنێت و دەبێتە هۆی شەپۆلێکی گەورەی پەنابەری. دەبێتە هۆی ئازارێکی زۆر، دەبێتە هۆکار کە داعش خۆی زیندوو بکاتەوە و زۆر هەرێم کۆنتڕۆڵ بکات."

عەبدولکەریم عومەر باسی لە دۆخی ئابوری و ئارامی ناوچەکە کرد و رایگەیاند کە داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە لە چوارچوەی دادگایەکی نێودەوڵەتیدا چەتەکانی داعش دادگایی بکرێن. هاوکاری خۆبەڕێوەبەری بکەن کە دۆخی زیندان و کەمپەکان باش بکەن. بەڵام وڵامیان نەدراوەتەوە.

نوێنەری بەلجیکاش رایگەیاند کە حکومەتی بەلجیکا پشتگیری لە چارەسەری سیاسی لە سوریا دەکات و دەیەوێت ئاشتیەکی هەمیشەیی لە سوریا هەبێت.

وتی، " حکومەتی ئێمە هاوکاری مرۆیی پێشکەش بە گەلی سوریا و گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکات."

دواتر کۆمیتەی پەیوەندیەکانی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ٦ ژن و ١٦ منداڵی بەلجیکی خانەوادەی داعشی رادەستی شاندەکە کرد.

ف.ق