هادی عامری ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی بەدر لە ساڵیادی کوژرانی ئەبو مونتەزر محەمەداوی وتارێکی پێشکەشکرد.
ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی بەدر ڕایگەیاند، دەستوور ڕێگە بە دەوڵەتی تورک نادات هیچ هێزێکی لەسەر خاکی وڵاتەکەمان هەبێت و ببنە هەڕەشە لە سەر ناوچەکەمان.
دەشڵێت، تا دەوڵەتی تورک هێزەکانی لە عێراق نەکشێنێتەوە هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵیدا نابێت.
باسى لەوەشکرد، پێشێلکردنی بەردەوامی سەروەری عێراق قبوڵ ناکەین و پێویستە هاوپەیمانان و دەوڵەتی تورک هێزەکانیان لە وڵاتەکەمان ببەنە دەرەوە.
ماوەی دوو هەفتەیە، دەوڵەتی داگیركەری تورك هەزاران سەرباز و سەدان تانكی دیکەی هێناوەتە سنووری پارێزگای دهۆك و هێرش و داگیركارییەكانی بۆ سەر هاوڵاتییانی مەدەنی و گوندشینان زیاتر كردووە، دانیشتووانی ئەو سنوورانە بەهۆی بۆردوومانەكانی توركیاوە ناچاربوون گوندەكانیان چۆڵ بكەن.
هـ. ب