سەرچاوەیەكی هەرێمی لە بارەی سەردانی شاندێكی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ توركیا ڕایگەیاند، ڕاستەخۆ دوای كۆتایی هاتنی یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، خەمیس خەنجەر، بە وەكالەتی دەوڵەتی تورك، داوای كردووە بەپەلە ڕاكان جبووری و چەند ئەندامێكی دیکەى بەرەی توركمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ كاری پێویست سەردانی ئەنقەرە بكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو شاندە لە ئێستادا لە ئەنقەرەن، دیار نییە كەی دەگەڕێنەوە، سەردانەكەشیان هیچ فەرمییەتێكی نییە.
لە ئێستادا، دەوڵەتی تورك ڕاكان جبووری و بەرەی توركمانی و پەدەكە، وەك یەك تیم سەیر دەكات، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك دابنرێت.
ڕۆژی پێنج شەمەی ڕابردوو، بە سەرۆكایەتی ڕاكان جبووری وەك بە تەمەنترین، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای بەڕێوەچوو، بە هۆی ئەوەی هیچ ڕێكەوتنێكی پێشوەختە لە نێوان لایەنەكان ئەنجام نەدرابوو، دانیشتنەكە بێ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن بە كراوەیەیی جێ هێڵدرا.
جێگای ئاماژەیە، بەپێی یاسا پێویستە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا حكومەتی خۆجێیی شارەكە پێكبهێنن و پۆستە بەوەكالەتەكان پڕ بكەنەوە.
هـ. ب