دوورخستنەوەی مامۆستایان بەهۆی بڵاوکردنەوەی پۆستەکانیان لە دیجیتاڵ مێدیا

ڕاگەیەندراوە بە دەیان مامۆستا بە بیانووی بڵاوکردنەوەی پۆست و بابەتەکانیان لە دیجیتاڵ مێدیادا لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتی ئێرانەوە لە ئەرکەکانیان دوورخراونەتەوە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاوکراوەتەوە، بە دەیان مامۆستا بەهۆی پۆستەکانیان لە دیجیتاڵ مێدیا، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە لە کارەکانیان دەرکراون.

محەممەد حەبیبی، زیندانی سیاسی پێشوو و وتەبێژی یەکیەتیی مامۆستایانی ئێران، بابەتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باسی لەوە کردووە کە زۆرێک لە مامۆستایانی تازە دامەزراو، دوای کوشتنی کچە کورد ژینا ئەمینی کە بوو بە سیمبولی "ژن، ژیان، ئازادی". بەهۆی بڵاوکردنەوەی پۆست و بابەتەکانیان لە ئینستاگرام و تۆڕەکانی دیکە لە کارەکانیان دەرکراون.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا محەممەد حەبیبی ڕایگەیاندووە کە بە دڵنیاییەوە ئاگادارە تەنیا لە یەکێک لە پەروەردەکانی پارێزگای گیلان بە دەیان مامۆستا بەهۆی تەنها یەک پۆستی ئینستاگرامەوە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو حاڵەتانە لە ڕاگەیاندنەکان باسی لەسەر نەکراوە، لەبەر ئەوەی دەترسن کاردانەوەی لێبکەوێتەوە.