کاردەکرێت بۆ گەڕانەوەی ٣٩ هەزار کۆچبەری عێراقی لە ئەڵمانیاوە

وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت: ٣٩ هەزار کۆچبەری عێراقی لە ئەڵمانیا داوای پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە و کار بۆ گەڕاندنەوەیان دەکەن.

ڕێککەوتنی عێراق و ئەڵمانیا بۆ گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و لەو بارەوە عەلی عەباس، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، تەنیا ئەو کۆچبەرانە دەگەڕێندرێنەوە، کە داوای پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە، باس لەوەش دەکات، حکومەت دەیەوێت بە سەربەرزییەوە ئەو پەنابەرانە بگەڕێنێتەوە، کە داوایان ڕەتکراوەتەوە و دەڵێت: نامانەوێت ئەو پەنابەرانەی ڕەتکراونەتەوە لە ئەڵمانیا تووشی کێشە ببن.

وتیشی، حکومەتی عێراق پێداگرە لەسەر گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی پەنابەران و تا ئێستا لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنە ٩٧ پەناخواز لەچوارچێوەی پڕۆگرامی هاوبەشی نێوان عێراق و ئەڵمانیا گەڕاونەتەوە عێراق.

باسی لەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی دادگا بڕیاری خۆی دەرکردووە و داواکانیانی ڕەتکردووەتەوە و داوای دیپۆرتکردنیان کراوە، بۆیە عێراق بەشێوەیەک کار بۆ گەڕاندنەوەیان دەکات، کە شکۆیان پارێزراو بێت، ئەویش لە ڕێگەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و ڕێکخراوی دیکە بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە عێراق، خەرجی و تێچووی گەڕاندنەوەشیان لەسەر ئەستۆی عێراقە.

هـ . ب