لە میسر پانێڵێک بەڕێوە چوو: پێویستە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت

ڕۆشنبیران و سیاسەتمەداران و پارێزەرانی میسری لە پانێڵێکدا ڕایانگەیاند کە دەبێت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت.

دەستپێشخەری عەرەبی بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دوێنێ ٢٤ ی ئاب لە قاهیرەی پایتەختی میسر، وەک بەشێک لە هەڵمەتی نێودەوڵەتی"ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەری دیمۆکراتیک بۆ کێشەی کورد" پانێلێکی ئەنجامدا.

پانێلەکە سەبارەت بە "عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕفاندنەوە بۆ خوڵقاندنی فیکر، ئیرادەیەک لە دژی پیلانی دەستگیری" بەڕێوەچوو. جێگری سەرۆکی ناوەندی لێکوڵینەوەی سیاسی و ستراتیژی عەرەب، ڕۆژنامەنووس مەجدی دقاق، دکتۆر موختار ئەلخەباشی، پرۆفیسۆر محەمەد ڕەفعەت ئیمام، ئەندامی ئەنجومەنی کاروباری دەرەوەی میسر و ئەکادیمسیەنی پەیوەندییە مێژوویی و نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکان دەمهور بەمسەر، ئەحمەد بەهادین شەعبان سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیستی میسر و ئاکادیمیای یاسای نێودەوڵەتی ڕادە زەبهان و ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیران و ئاکادیمیا و پارێزەران بەشدارییان لە پانێلەکەدا کرد.

ئیلهامی ملێجی، وتەبێژی 'دەستپێشخەریی عەرەبی بۆ ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان' سەرۆکایەتی پانێڵەکەی کرد.

'پێویستە بۆ ئازادی جەستەیی هەنگاوی خێرا بنرێت'

لە پانێڵەکەدا بیرۆکە و تێکۆشانی ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تاوتوێ لەسەر کرا. هەروەها بەشداربووان هەڵسەنگاندنیان بۆ گۆشەگیری ڕەها کرد و ڕایانگەیاند، کە گۆشەگیریی پێچەوانەی یاسا و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانە. بەشداربووان ڕایانگەیاند، دادگاییکردنی عەبدوڵا ئۆجالان سیاسییە و دوورە لە یاسا نێونەتەوەییەکان. هاوکات سەرنج بۆ بێدەنگی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە دژی سیستەمی ئیمرالی ڕاکێشرا و بەشداربووان داوایانکرد: پێویستە بۆ ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان هەنگاوی خێرا بنرێت.

لە کۆتایی پانێڵەکەدا بانگەواز راگەیەندرا

"بە پشتبەستن بە باوەڕمان بە تێکۆشانی دادپەروەرانە و ڕەوا، لە ئەنجامی پانێڵەکەدا سەرنج دەخەینە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

١- پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان وەک نموونەی تێکۆشان و بەرخۆدان خەڵات بکرێت. شانازی بە عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەکەین. عەبدوڵا ئۆجالان بۆ مافەکانی گەلی کورد و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێمای تێکۆشانە. بەرخۆدان و تێکۆشانی لە دژی دیسپۆتیزم و ستەمکاری، هێزی ئیرادەی مرۆڤ لە بەرامبەر ئاستەنگیەکاندا نیشان دەدات.

٢- پێویستە ڕێز لە مافە مرۆییەکانی بگیرێت. ئێمە بە توندی ئەو ڕێوشوێنە توندانەی بەسەر عەبدوڵا ئۆجالاندا دەسەپێندرێت وەک گۆشەگیریی ڕەها و بارودۆخی نامرۆڤانەی زیندانی ئیمرالی شەرمەزار دەکەین. هاوکات داوای کۆتایی هێنان بەو کردەوانە دەکەین. پێویستە ڕێگە بدرێت پارێزەر و بنەماڵەکەی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان کۆببنەوە. داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات و گوشار بخاتە سەر حکومەتی تورکیا بۆ ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان.

٣- هەروەها داوای دادگایی کردنی دادپەروەرانە دەکەین. چوونکە دادگاییکردنی عەبدوڵا ئۆجالان دادپەروەرانە نەبووە و لەدەرەوەی یاسا ئەنجامدراوە. بۆیە داوا دەکەین بەپێی پێوەرە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ لە دادگایەکی سەربەخۆدا دادگایی بکرێت.

٤- پیویستە گەلی کورد بۆ بەدیهێنانی مافە سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کورد، پاڵپشتی نێودەوڵەتی بکرێت. هاوکات هەموو هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلی کورد شەرمەزار دەکەین و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین پێشێلکارییەکانی تورکیا ڕووبەڕووی سزا بکەنەوە.

٥- پێویستە تێکۆشانی ئایدیۆلۆژی و مرۆیی بەردەوام بێت. بانگەوازی بەردەوامی لە بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین. عەبدوڵا ئۆجالان لە پێناو ژیانێکی هاوبەشدا داوای جیهانێکی دیموکراتیک، دادپەروەرانە و ئازاد و داوای گفتوگۆ لە نێوان هەموو ئایین و نەتەوەکان دەکات. بەرهەمەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بیر و میراتێکی مرۆییە کە پێویستە فێری نەوەکانی داهاتوو بکرێن.

٦- پێویستە کۆمیتەی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ و کۆمیتەی یاسایی نێودەوڵەتی دروست بکرێت بۆ گواستنەوەی دۆسیەی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و بەدواداچوون بۆ دادپەروەری دۆسیەکە بکرێت.

٧- داوا لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان دەکەین. سکاڵایەکی فەرمی لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ تۆمار بکرێت بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆانە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی عەبدوڵا ئۆجالان و کار بۆ ئازادیی بەڕێزیان بکرێت.

ئێمە شانازی بە تێکۆشانی ڕوشنبیرانەی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین. تێکۆشانی ئەو لە دڵی هەموو ئازادیخوازانی جیهاندایە. تێکۆشانی ئەو بۆ هەموو مرۆڤایەتی، ئازادی و دادپەروەرانە."