عەلی لاریجانی ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندیەكانی رژێمی ئێران دوابەدوای رووداوەكانی تیرۆر و تەقینەوە و بۆردومانەکان لەم ماوەی دواییدا كە پەیوەست بەئیسرائیلەوە كراون لەنێو خاكی ئێراندا دەڵێت: "ئەمڕۆكە ئیسرائیلیەكان تێگەیشتوون، كە چۆن رووبەروومان ببنەوە.
عەلی لاریجانی رۆژی چوارشەممە، ٢٢ی حۆزەیران لە مەراسیمی پردە لادان لە پەرتوكی "شەڕی شاراوە لە دژی ئێران" لەپەرتووكخانەی نەتەوەیی بەئاماژەدانی ناڕاستەوخۆ بە بنكەوتنی دانۆستاندنەكانی رێككەوتنی ئەتۆمی رایگەیاند؛ ئێسرائیل لەهەر كوێدا ناكۆكیەك لەدژی ئێران هەبێ، بەپەلە دێتە گۆڕەپانەكەوە تا ناكۆكیەكان قووڵتر و درێژتر بكاتەوە. ئەوان دەستوەردانی بابەتی ئەتۆمی دەبن بۆ ئەوەی رێككەوتن پێكنەیەت، دەیانەوێت تا ئەو شوێنەی لەدەستیان دێت رێگری لەرێككەوتنی ئەتۆمیەكە بكەن".
پێشتر نەفتالی بنێت سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە كردبوە، كە پێكدادانەكان دەگۆزانەوە بۆ نێو خاكی ئێران و ئەوەشی ووتبوو؛ لە رووبەرووبوونەوە لەگەڵ ئێران لە "دۆكتۆرینی هەشت پێ" كەڵك وەردەگرین و لەشوێنی رووبەروو بوونەوە لەگەڵ ئەو هێزانەی نوێنەرایەتی ئێران دەكەن، راستەوخۆ سەری هەشت پێیەكە لەتاران دەكەنە ئامانج.
موحسین رەزایی ئەمینداری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندیەكانی رژێمی ئێران و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران و جێگری کاروباری ئابووریی سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران، دوای بەرفراوان و زۆر بوونی چالاكیە ئیستخباراتی و ئەمنیەكانی ئێسرائیل لەئێران رایگەیاندوە؛ وڵاتی تووشی "پێسی ئەمنی بەرفراوان" بووەتەوە.
ژ.ت