موقتەدا سەدر داوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە بەغدا کرد

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ئایینی شیعەکانی عێراق، دوای کوژرانی دەیان فەلەستینی بە هۆی هێرشەکانی ئیسراییل بۆ سەر کەمپی فەلەستینیەکان لە ڕەفەح، داوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد کرد.

موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە(X) بڵاویکردۆتەوە، ڕایگەیاندووە، "دووبارە داوای دەر کردنی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەکەم" و "داخستنی بە بێ خوێن ڕژاندنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕێگەی دیپلۆماسیەوە دەکەم."

موقتەدا سەدر "کۆمەڵکوژی" لە غەززە و "بۆردومانکردنی کەمپەکانی ڕەفەح" و پاڵپشتی "شەرمەزارانەی" ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە شەڕی وێرانکەری ناوچەکانی فەلەستین لە ٧ی تەشرینی یەکەمەوە شەرمەزار کرد.

(موقتەدی سەدر)، ڕێبەری پێشووی هێزە سەربازییەکان بووە و لە دوای هێرش کردنە سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ دژی هێزەکانی ئەمریکا شەڕی کردووە، خاوەن پێگەیەکی گشتی گەورەیە لە نێو گەل و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سیاسەتی عێراق هەیە.

لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا سەدر داوای لە حکومەتی عێراق کرد باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەهۆی "پشتیوانیەکانی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە شەڕی دژی حەماس و فەلەستین لە بەغدا دابخرێت.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی غەززە، ڕۆژی یەکشەممە ٤٥ کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسراییلەوە کوژراون و٢٤٩ کەسیش بریندار و خێمەکانی نێو کەمپی پەنابەران ئاگریان لێکەوتەوە.

ئەم ڕووداوە شەپۆلێکی توڕەیی لە دەرەوەی وڵات بەدوای خۆیدا هێنا و بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەم بارەوە ئەنجام بدات.

ئەویش لە کاتێکدا هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق پشتیوانی لە دۆزی فەڵەستین دەکەن، جێی ئاماژەیە عێراقیش هاوشێوەی ئێران حکوومەتی ئیسرائیل بە ڕەسمی ناناسێت.