ئەمڕۆ ١٥ی حۆزەیران لەزۆرینەی شارەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان، چالاكی ناڕەزایەتی كاسبكاران و بازاڕیان و دۆكانداران لەمەڕ سیاسەتی ئابوری دەوڵەت بەتایبەتی بەرزبوونەوەی رێژەی مالیات"باج" و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرێوە چوو.
دۆكانداران و بازاڕیان و كاسبكارانی"فهسا"ی سەر بەپارێزگای فارس سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لەبەرامبەر بە پرۆژەی مالیاتی وەزارەتی ئابوری ئێران"بەرزبوونەوەی رێژەی زەریبە" لەنێو بازاری ئەم شارە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.
هاوكات لەشاری ئیلامی رۆژهەڵاتی كوردستان گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بازاڕیان و كاسبكاران لەبەرامبەر بەئیدارەی گشتی مالیاتی ئەو شارە كۆبوونەوە و لەبەرامبەر بە بەرزبوونەوەی رێژەی زەریبە ناڕەزایەتیان نیشاندا. ناڕازیان هاوكات درۆشمی"وەزیری بی لیاقت، استعفاو، استعفاو"یان دەوتەوە و داوای دەست لەكاركشانەوەی وەزیری ئابوریان دەكرد.
بازاڕیان و كاسبكارانی كەل و پەلی یەدەكی ناوچەی تەرمیناڵی شیرازیش لەدژی بەزربوونەوەی نرخی دۆلار و ئەو ئاستەنگیانەی دەوڵەت بۆ كارەكەیان درۆستی دەكات، بەداخستنی دوكانەكانیان ناڕەزایەتیان دەربڕی.
ئەمە لەكاتێكدایە كە حۆجەت عەبدولمەلەكی، وەزیری تەعاون، كار و رفاهی كۆمەڵایەتی رۆژی رابردوو بەهەڵكشانی شەپۆلی ناڕەزایەتیە گشتیەكانی خانەنشینان بیمەی كۆمەڵایەتی لەئێران دەستی لەكار كێشایەوە.
عەبدولمەلەكی رایگەیاندبوو؛ دەتوانێت بەیەك ملیۆن تمەن كاری بەرهەمهێنان بكات و بەڵێنی ئەوەشی دابوو زەمینەی یەك ملیۆن كار لەئێراندا بڕەخسێنێت.
دەست لەكاركێشانەوەی وەزیری كار تەنیا یەكێك لەداواكاریەكانی خانەنشینانی ناڕەزایی بوو و گرنگترین داواكاریان زیادكردنی مووچەكانیان لەئاستی ئەو هێڵە هەژارەیە درۆست بووەیە.
لەسەر هەمان بابەت، خانەنشینانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی ئەهواز، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەدژی جێبەجێ نەكردنی یاسای ئەنجوومەنی بڵندی كار و هەلومەرجی باری ژیانی بەگردبوونەوەی جەماوەری لەبەرامبەر بەباڵەخانەی پارێزگا و قائیممقام و وتنەوەی درۆشمی"تهلهڤزیۆن و رادیۆی حكومهت پهڵهی شهڕمهزارین"ناڕەزایەتیان نیشاندا.
هـ . ب