پسپۆڕانی نەتەوەیەکگرتووەکان: ئەمساڵ زیاتر لە ٤٠٠ کەس لەئێران لەسێدارەدراون

پسپۆڕانی نەتەوەیەکگرتووەکان رایانگەیاند کە ئەمساڵ زیاتر لە ٤٠٠ کەس لەئێران لە سێدارەدراون، کە ١٥ کەسیان ژن بوون و نیگەرانی خۆیشیان لە بارەی هەڵکشانی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەو وڵاتە دەربڕی.

پسپۆڕانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان رایانگەیاند، لە مانگی ئابدا ٨١ کەس لە ئێران لە سێدارەدراون و ئەوەش نزیکەی دوو هێندەی ئامارەکانی مانگی تەمووزە کە تیایدا ٤٥ کەس لەسێدارەدرابوون.

ئەو گروپە کە لە شەش رێپۆرتەری تایبەت و پێنج ئەندامی کۆمەڵەی خەبات دژی هەڵاواردن بە رامبەر بە ژنان و منداڵانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان پێکدێت، ئەوەشی خستەڕوو کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٤٠٠ کەس لەئێران لەسێدارەدراون، کە ١٥ کەسیان ژن بوون.

ئەو پسپۆڕانە کە لە لایەن ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ئەرکدارکراون جەختیان لەوەشکردەوە، کە هەڵکشانی بەرچاوی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران مایەی نیگەرانی قووڵە.

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە ئۆفیسەکەی لە ئۆسلۆی نەرویژە لە مانگی ئابدا ١٠٠ کەس لەسێدارەدراون و کۆی ئەو کەسانەشی کە لەمساڵدا سزاکەیان بەسەردا جێبەجێکراوە گەیشتووەتە ٤٠٣ کەس.

لە دوای دەستپێکردنی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بە شێوەی بەرچاو رووی لە هەڵکشان کردووە و بە وتەی چالاکوانان و بەرهەڵستکاران، حکومەتی تاران لە رێگەی سەپاندن و جێبەجێکردنی ئەو سزایە هەوڵی ترساندن و بێدەنگکردنی هاووڵاتیان دەدات.