سعودیە ٣٠٠ هەزار کەسی گەڕاندەوە کە بەنیازبوون بە نایاسایی حەج بکەن

سعودیە رایگەیاند کە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەسیان لە مەککە دوورخستووەتەوە کە بەنیازبوون بە شێوەی نایاسایی حەج بکەن.

ئاژانسی فەرمی هەواڵی سعودیە رایگەیاند، لە لە رۆژانی رابردوودا ١٥٣ هەزار و ٩٩٨ کەسی بیانیان لە مەککە دوورخستووەتەوە و گەڕاندوویاننەتەوە بۆ وڵاتەکانیان، کە بە ڤیزەی گەشتیاری چوونە ئەو وڵاتە و بەنیازبوون بەشداری حەجی ئەمساڵ بکەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ١٧١ هەزار و ٥٨٧ کەسی بیانیش کە مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان هەبووە، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە لە وەرزی حەجدا بچنە مەککە، لەو شارە دوورخراونەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکان لە شەممەی رابردووەوە ١.٣ ملیۆن کەس بە مەبەستی بەجێگەیاندنی حەج روویان لە سعودیە کردووە. مەراسیمی حەج لە ١٤ی حوزەیرانەوە دەستپێدەکات.

ساڵانە ملیۆنان کەس بە مەبەستی حەج و عومرە روو لە سعودیە دەکەن و ئەو وڵاتە ساڵانە چەندین ملیار دۆلاری لەو رێگەوە دەست دەکەوێت.

پشکی هەر وڵاتێک بۆ حەج دیاریکراوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی جیاجیا کە ناویان بۆ حەج نەگەڕاوەتەوە هەوڵ دەدەن بە شێوەی نایاسایی و بەدەر لە رێکارە فەرمییەکان بەشداری لەو مەراسیمە ئایینیەدا بکەن.

هـ . ب