'تورکیا بەردەوامی بە تاوانەکانی داعش دەدات'

ژنانی ئەندامی دەزگا ئایینیەکانی هەرێمی جزیر ڕایانگەیاند، دەوڵەتی تورک بەردەوامی بە تاوانەکانی داعش دەدات.

بە دەیان ئەندامی دەزگا ئایینیەکانی ژنان، وەقفی ژنانی ئازاد و ڕێکخستنی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان لە شاری قامشلۆ کۆبوونەوە و بەبۆنەی نزیکبوونەی یەکەمین ساڵیادی هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر سەرێکانی و گرێ سپی ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە.

ژنان وێنەی هەڤرین خەلەف سکرتێری گشتی پارتی داهاتووی سوریایان بەرز کردەوە کە ١٢ی تشرینی یەکەم لەسەر ڕێگای ئێم ٤ لە لایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە شەهید کرا.

ئەمیرە ئەلئیزۆ بەڕێوەبەری دەزگای ئایینی هەرێمی جزیر قسەی کرد. ئەمیرە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی لەدژی هەرێمەکانی سەرێکانی و گرێ سپی شەرمەزار کرد. هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە ئەو تاوانانەی کە دەوڵەتی تورک ئەنجامی دەدات، بەردەوامی تاوانەکانی چەتەکانی داعشە کە ناتوانن ناسنامەی کورد قڕ بکەن.

ئەمیرە داوای لە هەموو گەلان کرد کە لەبەرانبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک سەریان دانەنەوێنن و بەڵێنی بەردەوامی تێکۆشان تا سەرکەوتنیدا لەدژی تیرۆر و فاشیزم.

هەروەها داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و هێزەکانی جیهان کرد کە لە بەرانبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لەدژی گەلانی هەرێمەکە و مرۆڤایەتی هەڵوێستیان هەبێت.

ئەمیرە ڕایگەیاند، ڕژێمی تورک لە هێرشەکانیدا لەدژی سەرێکانی و گرێ سپێ بە ئاشکرایی مەرامی خۆی بۆ بەردەوامیدان بە پرۆژەی داعش بۆ قڕکردنی گەلانی ئازاد بە تایبەتی کۆمەڵگای ئێزدی ئاشکرا کرد.

لە کۆتاییدا بانگەوازی بۆ پشتگیریکردنی دانیشتووانی سەرێکانی و گرێ سپی، دۆزی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەرکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لەسەر خاکی سوریا کرد.

ف.ق