سیسته‌می په‌روه‌رده و فێركردن به‌ر له داگیركردنی عه‌فرین - ٣
له ٢ مانگی سه‌ره‌تای ئاواره‌یی، عه‌فرینییه‌كان له شه‌هبا ٤ هه‌زار خوێندكاریان هه‌بوون. به‌ڵام ئێستا ١٤ هه‌زار خوێندكار له خوێندنگه سه‌ره‌تایی، ناوه‌ندی و ئاماده‌ییه‌كان ده‌خوێنن.
له ٢ مانگی سه‌ره‌تای ئاواره‌یی، عه‌فرینییه‌كان له شه‌هبا ٤ هه‌زار خوێندكاریان هه‌بوون. به‌ڵام ئێستا ١٤ هه‌زار خوێندكار له خوێندنگه سه‌ره‌تایی، ناوه‌ندی و ئاماده‌ییه‌كان ده‌خوێنن.
دانیشتوانی عه‌فرین به‌هۆی هێرشه دڕندانه و داگیركارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك و گرووپه‌چه‌ته‌كانی، ١٦ی ئاداری ٢٠١٨ بڕیاری چۆڵكردنی عه‌فرینیان دا. عه‌فرینییه‌كان ناچار بوون بۆ ناوچه‌كانی شه‌هبا و شێراوا كۆچ بكه‌ن. شه‌هبا كانتۆنێكی سه‌ر به هه‌رێمی عه‌فرینه، به‌ڵام داگیر نه‌كراوه. دوای ماوه‌یه‌كی كورت لێره‌ش سیسته‌می خۆیان بونیاد نا. له كۆمین و ئه‌نجومه‌نه‌كانه‌وه بگره تا سیسته‌می په‌روه‌رده به‌ته‌واوی خۆیان ڕێكخست.
ئه‌ندامی كۆمیته‌ی په‌روه‌رده‌ی جڤاكیی دیموكراتی (KPC-Demokratîk) مامۆستا گوڵستان ئه‌ڤدۆ ده‌رباره‌ی هاتنیان بۆ شه‌هبا و سه‌رله‌نوێ ڕێكخستنه‌وه‌ی سیسته‌می په‌روه‌رده بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دوا.
ناوبراو گوتی: «١٦ی ئادار له عه‌فرین ده‌رچووین. بۆ ئێمه ڕۆژێكی زۆر سه‌خت و به‌ئازار بوو. ئێواره‌ی نه‌ورۆز وه‌ك مامۆستا و خوێندكاران هه‌موومان له شه‌هبا جێگیر بووین. وره‌مان دابه‌زیبوو. ئه‌و كاته وه‌هامان لێهاتبوو كه وامانده‌زانی هه‌موو شتێك كۆتایی هات. ڕۆژی نه‌ورۆز شه‌هیده‌كانیان هێنانه شه‌هیدگه‌ی ناوچه‌ی ئه‌هره‌ز. ئێمه‌ش چووین بۆ مه‌ڕاسیمه‌كه. بینیمان لێره‌ش شه‌هیدمان داون و شه‌هیدگه‌مان هه‌یه.»
«له سایه‌ی خوێندكاران سه‌رله‌نوێ خۆمان ڕێكخست»
مامۆستا گوڵستان گوتی: «فێرخوازانی ئێمه له‌وێ هاتنه لامان و پرسیاری خوێندنگه‌كانیان لێ كردین. وره‌مان له‌وان وه‌رگرت و سه‌رله‌نوێ خۆمان ڕێكخسته‌وه. هێدی هێدی مامۆستا و خوێندكاره‌كانمان كۆكرده‌وه. به‌نێو گونده‌كاندا گه‌ڕاین و سه‌ردانی خوێندكارانمان كرد. بینیمان كه خوێندكاره‌كانمان سیسته‌مێكی دیكه‌ی په‌روه‌رده‌یان ناوێت. به‌ڵكوو هه‌مان سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی عه‌فرینیان ده‌وێت. ئه‌مه وره‌ی ئێمه‌ی زیاتر كرد و بڕیارمان دا به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت سه‌رله‌نوێ ده‌ست به په‌روه‌رده‌ی خۆمان بكه‌ینه‌وه.»
«له‌و ڕێگه‌یه ناگه‌رێینه‌وه»
«له كاتی پشووی خوێندندا هێرشه‌كانی سه‌ر عه‌فرین ده‌ستیان پێكردبوو. بۆیه نه‌مانتوانیبوو وه‌رزی دووه‌می په‌روه‌رده ته‌واو بكه‌ین. هه‌ر بۆیه بڕیارمان دا كه وه‌رزی دووه‌می په‌روه‌رده‌ی ساڵ ته‌واو بكه‌ین كه به نیوه‌چڵی مابوویه‌وه. له لایه‌كی دیكه‌وه خوێندكارمان هه‌بوون كه قۆناغی ئاماده‌ییان ته‌واو كردبوو و ده‌بوایه ده‌ست به خوێندنی باڵا بكه‌ن. ده‌بوایه شتێكیان بۆ بكه‌ین. ده‌ستبه‌كاربووین بۆ ئه‌وه‌ی بیاننێرینه زانكۆی ڕۆژاڤا له جزیر. ئه‌م كاره‌ی ئێمه بوو به وره بۆ گه‌لیش. خۆی له‌خۆیدا ئامانجی دوژمن ئه‌وه‌بوو كه گه‌ل بكشێنێته‌وه و له ڕێگه‌كه‌ی بیگه‌ڕێنێته‌وه. به‌ڵام نه‌یتوانی ئه‌وه بكات. كۆمیته‌ی په‌روه‌رده‌ی جڤاكیی دیموكراتی و دانیشتوانی عه‌فرین سه‌رله‌نوێ خۆیان ڕێكخسته‌وه. سه‌ردانی كۆمین و خێزانه‌كانمان كرد و خوێندكاره‌كانمان كۆكردنه‌وه. ڕۆژانی ده‌ستپێك به‌هۆی ئه‌وه‌ی شوێن نه‌بوو له‌ژێر چادره‌كان وانه‌كانمان ده‌گوته‌وه. ئه‌م دۆخه ٢ مانگ به‌رده‌وام بوو.»
مامۆستا گوڵستان له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا گوتی: «دوای ٢ مانگ خوێندنگه‌كان پشوویان وه‌رگرت. كۆمیته‌ی په‌روه‌رده‌ی جڤاكیی دیموكراتی له كاتی پشووی خوێندندا درێژه‌ی به كاره‌كانی خۆی دا. سه‌ردانی خێزانی خوێندكاره‌كانمان كرد. له‌گه‌ڵ هه‌موویان قسه‌مان كرد و پێمان گوتن كه سیسته‌می په‌روه‌رده‌مان درێژه‌پێده‌ری سیسته‌مه‌كه‌ی عه‌فرین ده‌بێت. ئه‌و خوێندكارانه‌ی ئاماده‌ییان ته‌واو كردبوو، ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی جزیرمان كردن. هه‌ندێكیان چوونه ئه‌كادیمیای میزۆپۆتامیا، هه‌ندێكیشیان چوونه زانكۆی ڕۆژاڤا. به‌گشتی ٧٨ خوێندكارمان ناردن.»
ئێستا ١٤ هه‌زار خوێندكار له شه‌هبا هه‌ن
ئه‌ڤدۆ ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كاتێك دوای پشووی خوێندن خوێندنگه‌كان كراونه‌ته‌وه، هه‌ستیان به‌وه كردووه كه سه‌خته له‌ژێر چادره‌كاندا درێژه به پڕۆسه‌كه بدرێت. بۆیه چه‌ند خوێندنگه‌یه‌كی كه‌مێك گونجاویان به‌كارهێناون. ده‌ڵێت، هه‌رچه‌نده هه‌موو ئه‌و بینایانه كه‌وتبوونه به‌ر هێرش و ئاوی بارانیان ڕانه‌ده‌گرت، به‌ڵام به گوێره‌ی ده‌رفه‌ته‌كانمان هه‌وڵمان دا نۆژه‌نیان بكه‌ینه‌وه.
«٢ مانگی سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی په‌روه‌رده له شه‌هبا ٤ هه‌زار خوێندكارمان هه‌بوون، به‌ڵام ئێستا بووه به ١٤ هه‌زار. لێره خوێندنگه‌ی سه‌ره‌تایی، ناوه‌ندی و ئاماده‌یی هه‌یه. سیسته‌مه‌كه‌شمان هه‌مان سیسته‌می عه‌فرینه. هه‌ر كه‌س به زمانی خۆی ده‌خوێنێت؛ خوێندكارانی عه‌ره‌ب به عه‌ره‌بی، خوێندكارانی كوردیش به كوردی. ئه‌و كتێبانه‌ی له خوێندنگه‌كان ده‌خوێندرێن، به گوێره‌ی سیسته‌می نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتی ئاماده كراون. هه‌رچه‌نده زۆری و زه‌حمه‌تیش هه‌بن، به ویست و هه‌وڵدانێكی گه‌وره‌وه به‌رده‌وامی به په‌روه‌رده‌ی خۆمان ده‌ده‌ین.»
له كۆتایی قسه‌كانیدا مامۆستا گوڵستان گوتی: «ئێمه وه‌ك گه‌لی عه‌فرین زۆر ڕێكخراوین، ده‌گه‌ڕێینه‌وه عه‌فرین.»
s.m