عەفرین دەکەن بە "شارێکى تورکەکان"

لە قۆناغی شۆڕشی رۆژئاوادا سەرباری گەمارۆی قورس، عەفرین بوو بووە مۆدێلی سیستمێکى دیموکراتیک، بەڵام هەوڵ دەدەن بە کۆمەڵکوژکردن، تاڵانی و سڕینەو و پاکتاوکردنەکانى دواى داگیرکردنى، بیکەن بە شارێکى تورک.

لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ / ٣٠ی بەفرانبار و بە دەستپێکردنى هێرشە داگیرکەرییەکان بۆ سەر عەفرین تاوەکو ئێستا دەوڵەتى تورک لە عەفرین بەردەوامە لە تاڵانکردن و کۆمەڵکوژکردنى هاووڵاتییان. هەوڵ دەدەن عەفرین بخەنە سەر تورکیا، دانیشتوانەکەى بگۆڕن و بیکەن بە "شارێکى تورکەکان" لە ژێر بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵی تورکەکاندا بێت. گەلی عەفرین لە دژی ئەو داگیرکەری و پاکتاوکارییە بەرەنگاری دەکات.

کردار و کردەوەکانى دەوڵەتى تورک لە یەکەم رۆژی هێرش و داگیرکەری بۆ سەر عەفرین هیچی کەمتر نەبووە لە کار و کردەوەکانى داعشی هاوکاری. هەر چۆن داعش شانازیى بە رووخاندن و خاپوورکردنى شوێنەوارە پیرۆز و بەنرخەکانى کۆمەڵگەوە دەکرد، دەوڵەتى تورکیش لەو رۆژەوە چووە عەفرین بە چەتەکانى پەیکەری کاوەى ئاسنگەری شکاند. ئەو دیمەنانە کە 'روودا' راستەخۆی پەخشی دەکردن، دیمەنى خاپوورکردنى پالمیرای لەسەر دەستى داعش بە یادمان دەهێنایەوە.

ئەی ئێف پی (AFP) دیمەنەکانى "غەنیمە"ی بڵاوکردەوە

چەتە داگیرکەرەکان هەر چۆن لە هەموو شوێنێکدا تاڵانییان دەکرد، کاتێکش خۆیان خزاندە ناوەندی عەفرین دەستیان بە تاڵانى کرد. تاڵانکارییەکەیان لە ژێر ناوی 'غەنیمە' دا ئەنجام دەدا و ماڵ و موڵک و کارگەی هاووڵاتییانى عەفرینیان دەدزی. پەیامنێری ئاژانسى هەواڵی فەرەنسا (AFP) دیمەنەکانى ئەو تاڵانکارییەى تۆمار کرد و کاتێک ئەو دیمەنانە لەلایەن ئاژانسە جیهانییەکانى هەواڵەوە بڵاوکرایەوە، ئەمریکا و وڵاتانى یەکێتیى ئەوروپا کە خۆیان لە هێرش داگیرکەرییەکە کەڕ و کوێر کردبوو، بۆ یەکەمجار ناڕەزایەتییان دەربڕی.

چەتەکان ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانى عەفرینیان لە عەزاز و شارەکانى تردا دەفرۆشت. ئەو تاڵانکارییە، کە لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە بە گروپە چەتەکان ئەنجام دەدرا، گەیشتە ئاستێک کە ماڵی هەندێک خێزانى عەرەب و هاوبەشە ئەنەکەسەیەکانیان بە زۆر تاڵان دەکرد.

دەیان زیندان

دەوڵەتى تورک و گروپە چەتەکانى لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ / ٢٧ی رەشەمە بە بەردەوامى هەموو رۆژێک هاووڵاتییانى کوردیان دەڕفاند و ئەشکەنجەیان دەکردن و دەیانکوشتن. بەپێى زانیارییەکانى ناوەندی ئەرشیڤکردنی بەڵگەکان و پێشێلکارییەکانى مافەکانى مرۆڤ لە عەفرین، تاوەکو کۆتایى ساڵی ٢٠١٨ لە عەفرین ٢٧٠ هاووڵاتیى تر لەلایەن دەوڵەتى تورک و چەتەکانییەوە کوژراون و نزیکەى ٤ هەزار و ٥٠٠ کەسی تریش دیلکراون.

لە عەفریندا بەشێوەى فەرمی ٥ زیندان هەیە، بەڵام هەموو گروپە چەتەکان لە عەفرین ناوەندەکانى خۆیان وەک زیندان بەکار دەهێنن و بەوشێوەیە لە عەفریندا دەیان و بگرە سەدان زیندانیان بۆ زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانى هاووڵاتییان دروستکردووە.

رفاندن، ئەشکەنجە و کوشتن

قورسترین گوشار و رفاندن بە زۆری لە دژی گوندەکانى بافلونێ، قبارێ و خەزەوییە ئەنجامدراون، کە گوندی هاووڵاتییانى ئێزدین. تاوەکو ئێستا ٤ هەزار و ٥٠٠ کەس لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە رفێنراون و چارەنووسی ٨٥٠ کەس، کە ١٥٩ کەسیان ژنن، دیار نییە.

دیمۆگرافیا دەگۆڕن

سەدان هەزار عەفرینى بەهۆی داگیرکەریى دەوڵەتى تورکەوە ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن. ماڵ و موڵکی ئەو هاووڵاتییانە دەستى بەسەردا گیراوە و نزیکەى ٨٠ هەزار کەسیان لە غوتە، حومس، قەلەمون، حەما، شام (دیمەشق) و ناوچەکانى ترەوە بردووە بۆ ناوەندی عەفرین و ناوچە و گوندەکانى عەفرین و لەوێ نیشتەجێیان کردوون. کۆچبەرانى شاری ئیدلیبش براون بۆ ناوچەى جندرێس و لەوێ لەو نیشتەجێکراون.

هەندێک لە هاووڵاتییان و گوندەکان لە دواى داگیرکەریش لە گوندەکانیاندا مانەوە و گوندەکانیان چۆڵ نەکرد، بەڵام بە زۆر لە ماڵەکانیان کرانە دەرەوە. داگیرکەریى تورک لە چوارچێوەى سیاسەتى گۆڕینى دیمۆگرافیا و باری دانیشتواندا ناسنامەى تورکیى داوە گروپە چەتەکانى ئەو ئەو کەسانە کە لە ناوچەکانى ترەوە براونەتە عەفرین.

لە کاتى هێرشی داگیرکەریدا سوپاى تورک شوێن و وارگەى پیرۆزی ئێزدییەکان و چەندین شوێنەوارى تری مێژوویى کە دێرینبوونیان بۆ ٤٠٠٠ هەزار ساڵ لەوە پێش دەگەڕایەوە، خاپوور کرد.

دەوڵەتى تورک شوێنەوارە مێژووییەکانی تری عەفرینى لە رێگەى چەتەکانیەوە گواستەوە بۆ تورکیا. ٢ گۆڕستانى شەهیدان کە لە کاتى شۆڕش دا لە عەفرین دروستکرابوون و ٢ گۆڕستانى تری شەهیدانی بەرخودانى سەردەم-یان خاپوور کرد. دەوڵەتى توورک و چەتەکانى تەنانەت تەرمی شەهیدەکانیان لە شەهیدگەی شەهید ئاڤێستا لە گۆڕەکان هێنایە دەرەوە.

سروشتیش تاڵان دەکەن

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە عەفرین هیچ کەمتر نییە لە داعش. تەنانەت سروشتی عەفرینیش تاڵان دەکات. ئاگری بەردایە دەیان باخ و کێڵگەی داری زەیتون. لە کاتى داگیرکەریدا هەموو شەوێک لە شوێنێکدا ئاگریان لە دارستەکانى زەیتون بەردەدا. دەیان دارستان و زیاتر لە ١٠ هەزار داری بەری عەفرینیان بە ئەنقەست سوتاند.

تاڵانکردنى گەنم و بەروبوومی کشتوکاڵی

دەوڵەتى تورک لە نێوان خۆی و چەتەکاندا رێککەوتنى بۆ دزینى بەربوومی کشتوکاڵی و گەنم و زەیتونەکانى عەفرین کرد و هەموو بەروبومە کشتوکاڵییەکان و گەنم و زەیتونەکانى عەفرینیان گواستەوە بۆ تورکیا. دەستەى کشتوکاڵی عەفرین رایگەیاند، ٢٥ تۆن گەنمی ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠ بۆ ٢٥ تۆن گەنمی ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن دەوڵەتى تورک و چەتەکانیەوە دزراون و براون بۆ تورکیا.

دەوڵەتى تورک هەر وەک گەنمی عەفرین، زەیتونى عەفرینیشی تاڵانکرد. زەیتونی ئەمساڵ کە مەزەندە دەکرێت ٢٠٠ هەزار تۆن بووبێت دزییان و بردیان بۆ تورکیا. لەوێشەوە زیتونەکانیان فرۆشت بە ئیسپانیا. دواى ئەوەى تاڵانکردنى زەیتونەکان بوونە رۆژەڤ، بەکیر پاکدەمیر وەزیری کشتوکاڵی دەوڵەتى  تورک وتى "ئێمە بە ناوی حکومەتەوە نامانەوێت بکەوێتەى دەستى پەکەکە" و بەو شێوەیە دانى بە تاڵانکردن و دزینى زەیتونەکانى عەفرین دا نا.

هەوڵی بە تورککردن

ئێستا لە عەفرین بە رادەیەک نووسین بە تورکی و ئاڵاى توورکان هەڵواسراوە، کە بە هیچ شێوەیەک لە شارێکى سوریا ناچێت، بەڵکو لە شارێکى تورکیا دەچێت. دەوڵەتى تورک لە کاتى داگیرکەریدا ٣١ خوێندنگەى شارەکەى هەڵوەشاندنەوە و خوێندنى بە زمانى کوردی قەدەغە کرد. لە ئێستادا لە خویندنگەکانى عەفرین دا خوێندن تەنها بە زمانەکانى عەرەبی و تورکییە. ناوەرۆکى پەروەردە و خوێندنی خوێندنگەکانى عەفرین پڕکراون لە بابەتى نەتەوەپەرستى تورکی. ناوی خوێندنگەکانی گۆڕی و ناوی سوڵتانەکانى عوسمانی-یان لەسەر داناوە.

ناوی رێکخراوەکانى عەفرینی گۆڕی و ناوی گوند و ناوچەکانى کرد بە تورکی. ناوی عوسمانی، سەلجوقی و ناوی بنەماڵەى ئەردۆغان کراوە بەناوی هەندێک ناوچەی عەفرین.

داعش و نوسرە لە عەفرین دان

دەوڵەتى تورک و چەتەکانى تەنها بە عەقڵییەتى داعش لە عەفرین دا ناجوڵێنەوە، بەڵکو خودی چەتەکانى داعشی لە ناو هەندێک لە گروپە چەتەکانى تردا جێگیرکرد و بەوان دەستى بە هێرش کرد. ئێستا لە عەفرین داعش لە ناو گروپە چەتە جۆراوجۆرەکاندایە.

یەکێک لەو چەتانە کە ناوی سێف پلات ئەبوبەکیر-ە و لە ناو چەتەکانى داعش دا بوو لە حەلەب شەڕی کردبوو، لە کاتى شەڕ و هێرش بۆ داگیرکردنى عەفرین وەک فەرماندەى گروپی چەتەکانى ئەل هەمزەت ناسێنرا و چەتەگەریى پێدرابوو. ئەبو ئەل ڕەحمان فەرماندەى لیواى ئەلزاهار بێبارسیی سەر بە چەتەکانى سوڵتان موراد یەکێکى ترە لە چەتەکانى داعش.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بەشێک  لە چەتەکانى هەیئەتى تەحریر شام (HTŞ) کە هەمان جەبهەی نوسرەى پێشوون لە ئیدلبەوە بردووە بۆ عەفرین. لە ١٨ی ئەیلولی ٢٠١٨ / ٢٧ی خەرمانان ٤٠٠ ئەندامى تەحریری شامی گواستەوە بۆ عەفرین لە ناو چەتەکانى فەیلەقی ئەل رەحمان و ئەل هەمزەت دا لە ناوەندی عەفرین و ناوچەى جندرێس جێگیری کردن. جگە لەوانەش ٦٥ چەتەى تری تەحریری شام لە ژێر سەرپەرشتیى ئەبو عومەر ئەل شامی چوونەتە ناو چەتەکانى فەیلەقی ئەل رەحمان لە گوندی قبارێ.

ر.م

 

...............

...............