'بە گەلەکەی خۆمانەوە سەر لەنوێ ژینگەمان شین بکەینەوە'

هاوسەرۆکی دەستەی ئیکۆلۆژی کانتۆنی جزیرە محمەد ئەحمەد سەرنجی خستەسەر گرنگی پاراستنی ئیکۆلۆژی و وتی: "پرسی ئیکۆلۆژی گرێدراوی کۆمەڵگە و ژیانە، بۆ پاراستنی ژینگە پێویستە هەمووان هاوکاربن."

هاوسەرۆکی دەستەی ئیکۆلۆژی کانتۆنی جزیرە محمەد ئەحمەد پەیوەست بە گرنگی پاراستنی ژینگە و پرسی ئیکۆلۆژییەو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد باسی لە دامەزراندی دەستەی ئیکۆلۆژی کرد و ئاماژەی بەوەدا ئیکۆلۆژی مژارێکی بنەڕەتی نەتەوەی دیموکراتیکە و وتی: "لەو ڕووەوە کارەکانمان بۆ بوژاندنەوەی ژینگە لە ڕووی دامەزراندنی شەتڵگاکان و هۆشیارکردنەوەی خەڵکی پەیوەست بە پاراستنی ژینگە بەردەوامە. هەرچەندە ئاستەنگییەکی زۆرمان دێتە پێش وەک ئەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کاریگەرییەکی نەرێنی زۆری لەسەر ژینگە دروستکردووە و بەردەوامی دار و دارستانەکان دەبڕێتەوە. لەبەرامبەر ئەمەدا گەلی ڕۆژئاوا کە بە بنەڕەتی خۆی هەڵگری بیری کۆمەڵگەیەکی کشتووکاڵییە، لەگەڵ دروستبوونی شۆڕشی ڕۆژئاوادا کاری کشتوکاڵی و گرنگیدان بە ژینگە زۆر زیاتربووە. وە بەڕێوەبەری خۆسەر لەم ڕووەوە ئەرکی زۆری لە ئەستۆی خۆی گرتووە."

دەرکردنی هەندێک یاسا سەبارەت بە پارستنی ژینگە

لە درێژەی قسەکانید محمەد باسی لە گرنگی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بۆ پاراستنی ژینگە کرد و وتی: "وەک دەستەی ئیکۆلۆژی لە ئێستادا کار لەسەر دەرکردنی هەندێک یاسای تایبەت بە پاراستنی ژینگە دەکەین. بەڵام بە ڕوونی ئەوە دەڵێن پاراستنی ژینگە تەنها بە دامەزراوەیەک ناکرێت، بەڵکو پەیوەستە بە هەموو کۆمەڵگەوە. بۆیە پێویستە بە هەرەوەرزی کارەکانی پاراستنی ژینگە لە ئەستۆ بگرین. وەک دەستەی ئیکۆلۆژی لە ئێستادا لەسەرەتای خەباتی ژینگەییداین. بەو هۆکارەی بوژاندەنەوەی ژینگە کاری یەک دوو ساڵێک نیە. بۆیە پێویستە هەموو کەس لایەنێک هاوکاری دەستەکەمانبن بۆ ئەوەی لە چەند ساڵی داهاتوودا ژینگەکەمان ببوژێنینەوە. بۆیە بانگەوازی لە خەڵکەکەمان دەکەین، کە سروشت بپارێزن و پیسی نەکەن. پاراستنی ژینگە تەنها بە ئێمە ناکرێت. پاراستنی ژینگە ئەرکی هەمووانە. لەگەڵ یەکتردا ژینگەکەمان لە هەڕەشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بپارێزین، ژینگە و سروشتی خۆمان سەر لەنوێ ببوژێنینەوە."