بە مەراسیمێک ١٤٠ گەنج بەشداری هێزەکانی خۆپاراستن بوون

لە مەراسیمێکدا ١٤٠ گەنجی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دوای تەواوکردنی پەروەردەی ئەکادیمیایی شەهید جەمال کۆبانێ بەشداریان لە ڕیزەکانی هێزەکانی خۆپاراستندا کرد و سوێندی پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلیان خوارد.

پاش ئەوەی کە ١٤٠ گەنج لە خولی ڕاهێناندا بوون لە ئەکادیمیای شەهید جەمال کۆبانێ لە ناوچەی مەنسوورای تەبقە، ئەمڕۆ مەراسیمی دەرچوونیان بۆ ئەنجامدرا و بەشداریی ڕیزەکانی هێزەکانی خۆپاراستن بوون.

خولەکە بە هەماهەنگی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی خۆپاراستن و بەڕێوەبەرایەتی ئەکادیمییاکانی هەرێمی فورات ڕێکخرا و بەناوی شەهید محەمەد ناسری بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوامبوو، تێیدا وانەی سەربازیی و بیردۆزی بەو گەنجانە وترایەوە.

دەیان دانیشتووی کانتۆنی تەبقە، فەرماندەییەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی تەبقە، هێزەکانی خۆپاراستن و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئامادەی مەراسیمەکە بوون.

ڕێوڕەسمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد، دواتر ئیلان جان، هاوسەرۆکی بەشی هێزەکانی خۆپاراستنی تەبقە قسەی کرد.

ئیلان جان لە قسەکانیدا بەخێرهاتنی ئەندامانی خولەکەی کرد و وتی: "پەروەردە لەم قۆناغەدا پەیوەستبوون بە هێڵی شەهیدان پیشان دەدات، ئێوە ئەو کەسانەن کە دەبێت درێژە بەم هێڵە بدەن، ئێوە هیوا و پێشەنگەکانی ئێمەن. کە ئەرکی خۆپاراستن ئەرکێکی ئەخلاقییە و دەبێت هەموو کەس پەیوەستبێت پێوەی."

دواتر ئەندامانی بەشداربوو لە خولەکەدا، سوێندی بەڵینیان خوارد کە وڵات و دەستکەوتەکانی گەل لە هێرشەکان بپارێزن.