چالاکییەکان بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا

لە کانتۆنەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە چالاکی جیاواز شەرمەزارکرا.

عەین عیسا

مەجلیسی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)ی گرێ سپی لە شارۆچکەی عەین عیسا لە هەرێمی فورات سیمینارێکی ڕێکخست.

لە سیمینارەکەدا، هاوسەرۆکی مەجلیسی پەیەدەی گرێ سپی، بێریڤان ئیسماعیل بە دیمەنی ڤیدیۆیی هۆکار و میکانیزمی جێبەجێکردن و ئامانجەکانی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و چۆنێتی بەردەوامبوونی لە ٢٥ ساڵی ڕابردوو ڕوون کردەوە، هاوشان لەگەڵ ڕوونکردنەوە قۆناغەکانی تێکۆشانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بۆچوون و ڕوانگەکانی بۆ جڤاک.

هەروەها تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی بەردەوامی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەروەها بەرخۆدانی هەڤاڵەکانی و بڵاوکردنەوەی ئایدیاکانی، هەروەها بەرخۆدانی جەماوەری لەڕێگەی خەبات و چالاکی بەردەوامەوە لە سەرانسەری جیهان لەپێناو ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دووپاتی کردەوە تێکۆشان لە هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تا گەیشتن بە ئامانج بەردەوام دەبێت.

تربەسپی

هەر لەم چوارچێوەیەدا لە شارۆچکەی تربەسپی لە کانتۆنی جەزیرە، بە پێشەنگایەتی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێری سوریا و یەکێتی ژنانی گەنج ڕێپێوانێک ئەنجامدرا.

ڕێپێوانەکە بە بەشداری سەدان کەس و بە بەرزکردنەوەی وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شەهیدان و درووشمەکان دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی تا گۆڕەپانی ئازادی بەردەوام بوو.

ئەندامی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا، کەیوان کەنعان تیشکی خستەسەر ئامانجەکانی پیلانگێڕییەکە و گوتی: "ویستیان لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا ئیرادە و بەرخۆدانی گەلی کورد بشکێنن، بەڵام گەل لەپاڵ ڕێبەرەکەی وەستا. ئەمەش پەیامی گەلە بۆ پیلانگێڕان".  

هەروەها تیشکی خستەسەر بەردەوامی پیلانگێڕی دژی ئەو گەلانەی باوەڕیان بە فیکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، بەتایبەت لەڕێگەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دووپاتی کردەوە گەنجان و ژنان تێکۆشان مەزنتر دەکەن دژی ئەم پیلانگێڕییە.  

شەهبا

لە کانتۆنی عەفرین و شەهبا نووسینگەی ژنانی تەڤگەر جڤاکی دیموکراتیک، لە شارۆچکەی فافین گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ڕێکخست.

تێیدا ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوترا: "ئێمە لە نووسینگەی ژنانی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک لە عەفرین و شەهبا گۆشەگیری سەر ڕێبەر شەرمەزار دەکەین و داوا لە ڕێکخراوە مرۆیی و نێونەتەوەییەکان دەکەین دەستوەردان بکەن".