چالاکییەکانی ٢٥ ی تشرینی دووەم بێ وەستان بەردەوامە
لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەبۆنەی ٢٥ ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان چالاکی ئەنجامدرا.
لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەبۆنەی ٢٥ ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان چالاکی ئەنجامدرا.
بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەبۆنەی ٢٥ ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە درووشـمی "بە ژن ژیان، ئازادی خۆمان دەپارێزین" چالاکیان ئەنجامدا.
دەیرەزۆر
مەجلیسی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا بە بەشداری دەیان ژن سیمینارێکی لەسەر هۆکارەکانی تەشەنەسەندنی توندوتیژی و جۆرەکانی و ڕێبازەکانی وەستاندنی ئەنجامدا.
ئەندامی کۆمەڵەکە سەفا ئەلئەحمەد ڕایگەیاند یاسای پاراستنی ژنان لە جیهاندا نییە، بەڵام زۆر یاسا هەن بۆ بێبەشکردنیان لە مافەکانیان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاڵۆزیی ڕاستەقینە، پێویستە تێکۆشان دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی مەزن بکرێت.
کۆمەڵەکە بە هەمان ئامانج کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لە هۆڵی مەجلیسی هەرێمی ڕۆژئاوا لە شاری کیسرای کانتۆنی دەیرەزۆر ڕێکخست.
حەسەکە
کۆردیناسیۆنی ماڵی ژنان لە شاری حەسەکە سیمینارێکی بە ناونیشانی "بە فەلسەفەی ژن ژیان، ئازادی خۆت بپارێزە" ڕێکخست، دەیان ژن و پیاو ئامادەبوون.
ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار ئاڵا حەنتەش دەربارەی توندوتیژی و مافەکانی ژنان دوا.
وتەبێژی ماڵی ژنانی باکوور و ڕۆژهەلاتی سوریا ڕیما عیسا ڕایگەیاند زیهنیەتی باوکسالاری و سیستەمە هەژموونخوازەکان هۆکاری توندوتیژی درێژخایەنی سەر ژنانن.
ڕیما ئاماژەی بەوە کرد لەسایەی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ژنان شۆڕشی ئازادی و مافی خۆیان بەدەستهێنا.
دەرباسیە
کۆنگرەی ستار لە دەرباسیەی کانتۆنی جزیرە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ئەنجامدا، دەیان کەس ئامادەبوون.
تێیدا دوایین ئاماری توندوتیژی و کوشتنی ژنان نیشاندرا، هەروەها نامەی شەهیدی فیدایی ئاسیا عەلی خوێنرایەوە.
پاشان بەڕێوەبەری ڕێکخستنی کۆنگرەی ستاری دەرباسیە، سارا عەلی سیستەمی ئەشکەنجە و قڕکردنی سەر ڕێبەر ئاپۆی وەک درێژەپێدەری پیلانگێڕیی سەر گەلی کورد نرخاند.
شەدادی
لە شاری شەدادی کانتۆنی جەزیرە خولێکی پەروەردەیی بۆ پیاوان بەپێشەنگایەتی کۆنگرەی ستار ٢ ڕۆژە بەردەوامە. ١١٠ پیاو تێیدا بەشداربوون، لەسەر یاسای خێزان و ڕەگەزپەرستی و هاوژیانی ئازاد پەروەردە دەبینن.
هۆل
مەجلیسی ژنانی پەیەدە بە بەشداری دەیان ئەندامی ڕێکخراوەکان و دانیشتووان کۆبوونەوەیەکی لە شاری هۆلی کانتۆنی جەزیرە ئەنجامدا. هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیەدەی هۆل ئیقبال عەبدۆ دەربارەی توندوتیژی سەر ژنان و جۆرەکانی قسەی کرد، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی پەیەدە لە کانتۆنی جەزیرە مەنال محەمەد تیشکی خستەسەر ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا و ئاستەنگەکانی بەردەمیان، جەختی کردەوە ئازادی کۆمەڵگە بە ئازادی ژنان دەست پێ دەکات.