چەکدارانی سەربە دەستەڵاتداری دیمەشق هێرشێکی سەختییان کردەسەر گەڕەکەکانی سەحنایا، ئەشرەفییەی سەحنایە و جەرمانا کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی دورزین. بەوهۆکارە دۆخی ئەمنی و ژیانی گوندەوارەکانی دیمەشق و سوەیدا تێکچووە، بە تایبەت دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی کە سووکایەتی ئاینی و مەزهەبی تێداکراوە. لە ئەنجامی ئەو ئاڵۆزییانەدا کوشتوبڕێکی زۆری لێکەوتووەتەوە.
پەیوەست بەو دۆخە ئاڵۆزەوە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ڕاگەیاندراوێک ئاماژەی بەوەدا، ئەو ئاڵۆزیانە جێگەی نیگەرانین و بانگەوازی بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە کرد، هەروەها بانگەوازی لە دەسەڵاتی دیمەشق کرد ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژییەکان نەدات و ڕێگریی لە کوشتنی مەدەنی بگرێت کە لەسەر بنەمای مەزهەبی بوون بە قوربانی.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ڕاگەیاندراوەکەییدا جەختی لە بونیادنانی سیستەمێکی دیموکراتیکی بەرفروان کردەوە بۆ بنەبڕکردنی هۆکارەکانی پارچەبوونی کۆمەڵگەی سووریا و بانگەوازی بۆ گرتنەبەری ڕیگەی گفتوگۆ کرد.
لە بەردەوامی راگەیاندراوەکەدا دەستنیشان کراوە لە مێژووی قەیرانی سووریادا هیچ کاتێک بژاردەی سەربازی نەبووەتە هۆکاری چارەسەری قەیرانەکان و ڕژێمی بەعسیش نموونەیەکی زیندووە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە، لەم قۆناغە پڕ لە قەیرانەدا، سووریا لە هەمووکاتێک زیاتر پێویستی بە دەستوورێکی بنەڕەتی و حکومەتێکە کە مافی هەموو گەلی سووریا مسۆگەربکات.