چەتەکانی داعش هێرشەکانیان بۆ سەر بازگەکان زیاتر کردووە

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، دوێنێ چەتەکانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر بازگەیەک لە دێرەزۆر، ئەمڕۆش هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرەکان و دوو ئەندامی هێزەکانیان بریندار بوون.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند شانەکانی چەتەکانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر بازگەیەکیان لە گوندەواری دەیرەزۆر و ئۆتۆمبیلێکی هێزەکانیانیان کردووەتە ئامانج.  

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (٢٣ی کانونی یەکەم) لە گوندەواری شانەکانی چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر بازگەیەک و خاڵێکی سەر ڕووبارەکە. چەتەکان لەسەر ماتۆڕسکیلەوە تەقەیان کردووە. لە ئەنجامدا پێکدادان لە نێوان هێزەکانمان و چەتەکاندا دروست بوو و چەتەکان پاشەکشەیان کرد.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمڕۆش چەتەکان ئۆتۆمبیلی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەریان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ٢ ئەندامی هێزەکە بریندار بوون. هەروەها دوێنێ چەتەکان بازگەی شارۆچکەی سەبحەیان لە گوندەواری دێرەزۆر کردووەتە ئامانج.

لە ڕاگەیاندراوەکە دووپاتکراوەتەوە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرامبەر ئەم هەڕەشانە و بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمەکە ئامادەن و بانگەواز لە هاوڵاتیان دەکات هاوکاری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بکەن و دەربارەی هەر ڕەوشێکی گوماناویی هێزەکانیان ئاگاداربکەنەوە.