داگیرکەری و هێرشەکانی دەوڵەتى تورک لە تل کۆچەر ئیدانە کرا

لە تل کۆچەر بە رێکخستنی چالاکییەک هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر شەنگال و باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ئیدانە کران.

لەلایەن کۆنگرەى ستار و پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) لە تل کۆچەر رێپێوانێک بۆ ئیدانەکردنی هێرش و داگیرکەریی دەوڵەتی تورک رێکخرا و سەدان کەس بەشداری رێپێوانەکە بوون.

رێپێوانەکە لە باخچەى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستپێکرد. لە رێپێوانەکەدا چەند پۆستەرێک، کە لەسەریان نووسرابوو "نا بۆ داگیرکەریی تورک لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا"، "بە رۆحی بەرخودانی شەهیدانی شەنگال ئێمە سەرێکانی، گرێ سپی و عەفرین رزگار دەکەین"، "نا بۆ داگیرکەریی تورکی داعش" و ئاڵاکانی کۆنگرەى ستار، ئەنجوومەنی بنەماڵەى شەهیدان، پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) بەرزکرابوونەوە.

لە رێپێوانەکەدا بە بەردەوامی دروشمی ئیدانەکردنی هێرشەکان وسڵاوکردن لەبەرخودانی قەسەدە دەوترانەوە و رێپێوانەکە لە ناوەڕاستی ناوچەکەدا بوو بە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری.

 ساڵح محێمیدی ئەندامی ئەنجوومەنی ناوچەى تل کۆچەر وتی، "لە سەرەتای شۆڕشی سوریاوە هەڵوێستی دەوڵەتی تورک بە سەرۆکایەتیی ئاکەپە لە دژی شۆڕش روون بوو. دەوڵەتی تورک پشتیوانیی لە تیرۆری داعش و گروپە چەتەکانی تر کرد، هەروەها لە رێگەیى پشتیوانیی ماددییەوە کاری بۆ تێکشکاندنی شۆڕش و قۆڵکردنەوەى ئاڵۆزییەکان دەکرد".

ساڵح محێمیدی وتیشی، "پلانەکانی تورک لە بەرامبەر ئیرادەی هێزەکانمان و گەلەکەمان لە ناوچەکەدا تێکشکا، لەبەر ئەوەش راستەوخۆ دەستوەردانی لە ناوچەکەدا کرد و هێرشی قورسی کردە سەر گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا. جارێکیتر هێرشی کردە سەر تل تەمر، زرگان، عەین عیسا و تاوەکو شەنگال. ئامانجی ئەو هێرشانە بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی گەلانی ناوچەکەیە".

کۆبونەوە جەماوەرییەکە بە دروشمەکانی سڵاوکردن و پشتیوانیکردن لە بەرخودانی شەنگال و قەسەدە کۆتایی پێهات.

ژ.ت