دانانی بکوژی هەڤرین خەڵەف وەک فەرماندە، لە سێ شار شەرمەزارکرا

بڕیاری دەسەڵاتی دیمەشق بۆ دانانی چەتەی بکوژی هەڤرین خەڵەف وەک فەرماندە، لە حەسەکە و حەلەب و کۆبانێ شەرمەزارکرا.

ناڕەزایەتییەکان دژی بڕیاری دەسەڵاتی دیمەشق بۆ دانانی چەتەی بکوژی هەڤرین خەڵەفم حاتەم ئەبو شەقرا وەک فەرماندەی فیرقەی ٨٦ زیاتر بوون.

حەسەکە

دەیان ئەندامی ئەنجوومەنی پارتی سوریای ئایندە لە شاری حەسەکە لە پارکی ٤ ی نیسان کۆبوونەوە و ڕاگەیاندراویان خوێندەوە.

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی پارتەکە هێڤین محەمەد ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە دانانی چەتە ئەبو شەقرا وەک فەرماندە بێ‌ڕێزییە بەرامبەر قوربانیان و دەربازبوونی تاوانبارانە لە سزا.

ئاماژە بەوە کراوە، شەهید هەڤرین خەڵەف وەک سیمبول و نموونەی ئاشتیی ناوخۆیی بووە، شەهیدکردنی هەوڵێک بوو بۆ شکاندنی ئیرادەی ژنانی ئازاد. بانگەواز لە دەسەڵاتی دیمەشق و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهان کراوە کە چەتە ئەبو شەقرا ڕەوانەی دادگای سزادانی نێونەتەوەیی بکەن.

لەکۆتاییدا جەختکراوەتەوە لەسەر درێژەدان بە ڕێچکەی شەهید هەڤرین خەڵەف.

حەلەب

لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب ئەندامانی پارتی سوریای ئایندە ڕژانە گۆڕەپانەکان، ئاڵای پارتەکە و وێنەی شەهید هەڤرین خەڵەفیان هەڵگرت. پاش خولەکێک ڕێزگرتن ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە: "دانانی چەتە حاتەم ئەبو شەقرا وەک فەرماندەی گرووپێکی سەربازی، دوورکەوتنەوەیە لە یاسای نێونەتەوەیی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پرۆسەی دادپەروەرییە".

بانگەواز لە دەسەڵاتی دیمەشق کراوە، بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە و بکوژی هەڤرین خەڵەف و قوربانیانی تر ڕەوانەی دادگا بکات.

کۆبانێ

ئەنجوومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی کانتۆنی فورات ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە، ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان بەشداربوون. لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا، دانانی چەتە ئەبوشەقرا  کە تاوانی جەنگی ئەنجامداوە بەتایبەت بەرامبەر ژنانی ئێزدی، پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانە.

ئاماژە بەوە کرا ئەبو شەقرا لە لیستی سزاکانی ئەمریکادایە، داوا لە دەسەڵاتی دیمەشق کراوە بڕیاری دانانی ئەبو شەقرا وەک فەرماندە هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەوانەی دادگای بکات.

هەروەها ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار بە ئامادەبوونی دەیان ژن لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد لە کۆبانێ ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.

شەهید هەڤرین و تەواوی شەهیدان یادکرانەوە و بەڵێن درا بە درێژەدان بە ڕێگەکەیان، هەروەها دانانی چەتە ئەبو شەقرا وەک فەرماندە بەتوندی شەرمەزارکرا، بانگەواز لە ڕێکخراوەکانی ژنان و دامەزراوە یاساییەکان کراوە، سزای ئەو چەتەیە بدەن، دووپاتکراوەتەوە تا بەسزاگەیاندنی بکوژی هەڤرین خەڵەف، تێکۆشان دەکەن.