'دەبێت یەکڕیزیی کورد ساز بکرێت'

ئەندامانی پارت وبزوتنەوەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەی پەیەنەکە باسیان لەوەکرد، لەم قۆناغەدا بۆ دامەزراندنی سوریایەکی نوێ و دەستەبەرکردنی مافی کوردان سازکردنی یەکڕیزیی کوردان زۆر گرنگە.

کۆمیتەی دیالۆگی پەیەنەکە دوێنێ لە هۆڵی پارکی ئازادی لە قامیشلۆ بۆ تاوتوێکردنی یەکڕیزیی کوردان، پەرەسەندنەکان و رووداوەکانی ئەم دواییە کە لە سوریا لە ئارادان کۆبوونەوەیەکی سازکرد. سیاسەتمەدار و بەشداربووانی کۆبوونەوەکە روانینی خۆیان لە بارەی یەکڕیزی کوردان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) خستەڕوو.

سکرتێری پارتی دیموکراتیکورد-سوریا نەسرەدین ئیبراهیم لەو بارەوە وتی: کۆبوونەوەکە لەسەر بانگەوازی کۆمیتەی دیالۆگ و دانوستانی پەیەنەکە سازکراوە و تیایدا پارتە سیاسیەکان، چالاکوانانی مەدەنی، رۆشنبیران و سیاسەتمەداران بانگهێشتکرابوون. تەوەری سەرەکی ئەو گفتوگۆیانە پرسی یەکڕیزیی گەلی کوردە، بۆ ئەوەی بە یەکدەنگی و یەک هەڵوێستی دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا ساز بکرێت. ئەو دیالۆگە لەسەر دۆخی نوێی سوریا و دامەزراندنی سوریای ئایندە و مافەکانی کوردە".

وتیشی: هەموو لایەنەکان دەبێت گرنگی بە یەکڕیزیی بدەن، بەتایبەتی ئەنەکەسە و پەیەنەکە یەکڕیزیی نێوانیان ساز بکەن بۆ ئەوەی پێکەوە نوێنەرانی راستەقینەی کورد رەوانەی دیمەشق بکەن. هەروەها دەبێت ئێمە لەگەڵ هەموو نەتەوەکانی دیکە بەرەو بەستنی کۆنگرەی نیشتمانی سوریا هەنگاو بنێین. دەبێت سەرجەم رەنگەکان و پێکهاتەکانی سوریا لەو کۆنگرەدا بەشداربن، بۆ ئەوەی قەەیرانی هەنوکەیی چارەسەربکرێت، وەڵاتەکەمان ببێتە وڵاتێکی دیموکراتیک، ئازاد و ئارام".

ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی ژنانی سوریا ئەمینە عومەریش روانینی خۆی لە بارەی یەکڕیزی کوردان خستەڕوو و وتی، "٨ی کانونی یەکەم لە سوریا گۆڕانکاری گەورە روویدا. لەبەر ئەوەش گەلی کورد رووبەڕووی دۆخێکی مەترسیدارە. دەبێت ئەوانیش لەناو ئەم حکومەتە نوێیەدا جێگە بگرن. ئەوەش لەمرۆدا پێویستی بە یەکڕیزیی کوردان هەیە، بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان بەرزبکەنەوە ولە دەستوری نوێی سوریادا جێگیری بکەن. بەڵام لەمرۆدا دوو لایەنی جیاواز بوونیان هەیە. لەسەر ئەو بنەمایە پەیەنەکە لەپێناو یەکڕیزیدا داوای بەشداری لە پارتەکانی ئەنەکەسە کردبوو، بەڵام تائێستا ئەوەیان قەبوڵ نەکردبوو. هەروەها بەشداربووانی کۆبوونەوەکەش بانگەوازییان لەوان کرد و دەڵێن دەبێت یەکڕیزیی کوردان بێتە ئاراوە، کوردان یەک هەڵوێستیان هەبێت و بۆ ئەوەش دەبێت ئێمە بەرژەوەندی تاکەکەسی بخەینە لایەک و بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد بجوڵێینەوە و یەکێتیمان ساز بکەین".

لای خۆشیەوە ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی پەیەدە تەلعەت یونس لەسەر گرنگی یەکڕیزیی کوردان لەم قۆناغەدا قسەی کرد و وئەوەی خستەڕوو، "لەم پرۆسەدا پێویستیمان بە گفتوگۆکردن لەسەر یەکڕیزیی کوردان هەیە. دەبێت گەلی کورد لە سوریا یەکێتی خۆی ساز بکات و خاوەن یەک هەڵوێست بێت. ئەو سیاسەتانەی لەسەر هەبوون و ئیرادەی گەلی کورد دەکرێن، سیاسەتی پارچەکردن گەلی کورد لاواز دەکەن و هەوڵدانەکان بۆ بێکاریگەرکردنی کورد لە سوریا لەئارادان. لەبەر ئەوەش ئەو کۆبوونەوە و دیالۆگە زۆر گرنگە. بۆ ئەوەی گەلی کورد لە سیستمێکی دیموکراتیکدا بەشدار بێت، لە دەستورێکی دیموکراتیکدا مافەکانی کورد مسۆگەر بکرێن، دەبێت گوێ لە بانگەوازەکانی گەلەکەمان بگرین. دەبێت پشتیوانی لەو هێزانەشمان بکەین کە دەمانپارێزن".