'دەوڵەتی تورک دەیەوێت سیستەمی تەندروستی هەرێمەکە لەناو ببات'

دکتۆر محەمەد نور و دکتۆر ئازاد ڕەشۆ ڕایانگەیاند:"بە گەمارۆدانی حکومەتی دیمەشق و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک سیاسەتێکی گڵاو بەڕێوەدەچێت، دەیانەوێت نەخۆشخانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نەتوانن خزمەتگوزاری پێشکەش بە گەل بکەن".

هێرشەکانی ئەم دواییانەی دەوڵەتی تورک زیانی بە وێستگەی دابین کردنی ئۆکسجین گەیاند کە دەیان نەخۆشخانە بەکاریان دەهێنا، هەروەها زیانێکی زۆری بە سەنتەری چارەسەری گورچیلە گەیاندووە ،کە خزمەتگوزاری بە زیاتر لە ١٠٠ نەخۆش پێشکەش دەکرد. لە ئەنجامی هێرشەکەدا سەرجەم ئامێرەکانی نەخۆشخانە لەکارکەوتوون. بەهەمان شێوە لە کۆبانێ هێرش کرا و بووە هۆی لەکار کەوتنی زۆربەی ئامێرەکان. یەکێک لەو سەنتەرانەی بۆردومان کراوە نەخۆشخانەی مانگی سورە کە ٤٠٠نەخۆشی لەخۆ گرتبوو بەهۆی ئەمەوە ئۆتۆمبێلە فریاگوزارییەکانیش لەکارکەوتوون.

هاوسەرۆکی لێژنەی تەندروستی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دکتۆر محەمەد نور و هاوسەرۆکی بەڕێوەبەری تەندروستی عەفرین و شەهبا دکتۆر ئازاد ڕەشۆ سەبارەت بە ئامانجی گشتی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی هەرێمەکە  قسەیان بۆ ئاژانسی فورات کرد.

دکتور محەمەد، ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای داگیرکەری تورک لە رێگەی بەئامانجگرتنی دامەزراوە، ژێرخان و خزمەتگوزارییەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەیەوێت کۆمەڵگا و ئیرادەی خۆبەڕێوەبەری لاواز بکات و وتی:"زۆرێک لە ناوەند و دامەزراوە تەندروستییەکان خزمەتیان بە کۆمەڵگا دەکرد، هەمووی بۆردومانکران، نەخۆشخانەی جوەیدە، وێستگەی سەرەکی ئۆکسجین لە قامیشلمۆ، ناوەندی دووەم لە کانتۆنی کۆبانێ وچەند ناوەندێکی دیکە بۆردومان کراون.

'دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەرامبەر هێرشەکان بێدەنگی بشکێنن و ڕووبەڕووی ببنەوە

دکتۆر محەمەد ئاماژەی بەوەشدا کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە ئەنقەست ژێرخان و ناوەندە تەندروستییەکان دەکاتە ئامانج، هەرچەندە بە پێی هەموو یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان هێرشکردنە سەر ناوەندە خزمەتگوزارییەکان قەدەغەیە، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەموو یاساکان پێشێل دەکات. بۆ ئەوەی دامەزراوە تەندروستیەکان له بارێکی باشدا بەردەوام بن لەخزمەتگوزارییەکانیان، زۆربەی دامەزراوە، پارت و ڕێکخراوه نێودەوڵەتییەکان پاڵپشتییان کردووه. دەتوانین بڵێین هەموو ئەم دامەزراوانە پەیوەستن بە مافەکانی مرۆڤەوە".

گەمارۆی حکومەتی سوریا کارەساتێکی مرۆیی لێدەکەوێتەوە

هاوسەرۆکی ڕێوەبەری تەندروستی عەفرین و شەهبا دکتۆر ئازاد ڕەشۆ زانیاری لەسەر ئەوەدا، کە دوای کۆچی دانیشتوانی عەفرین بۆ شەهبا، دانیشتووانی عەفرین بە پێی دەرفەتی ئێستا نەخۆشخانەیەکی بچووکیان کردۆتەوە، پێداویستییەکانی کۆمەڵگەکەی کەم تا زۆر دابین دەکرد، چەند ساڵێکە دەوڵەتی تورکی داگیرکراو بەردەوام هەرێمەکانی شەهبا بۆردومان دەکات، ئەمە جگە لە گەمارۆی سیستماتیکی حکومەتی دیمەشق، کاریگەری لەسەر دانیشتوانی ئەم هەرێمە بە گشتی ئاوارەکانی عەفرین داناوە، کاریگەری لەسەر کەرتی تەندروستیش داناوە. نەخۆشخانەیەکی دیکە لە شارۆچکەی تل ڕفعەت  بۆردومان کراوە و لە ئەنجامدا ئەندامێکی پزیشکەکە بریندار بووە".

ڕەشۆ لە کۆتاییدا داوای لە لایەن و دەسەڵاتدارانی وڵاتانی بەرپرسیار کرد بۆ شکاندنی ئەم گەمارۆیە و ڕاگرتنی هێرشەکان دەست بە هەوڵدانەکانیان بکەن.