دەوڵەتی تورک لە هەوڵی دروستکردنی ڕێڕەوێکی تورکی-عەرەبییە، پێویستە وڵاتانی عەرەبی لە دژی بوەستنەوە

عەبدولڕەحمان ڕەبۆ، ڕۆژنامەنووسی سوری ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک لەهەوڵی دروستکردنی ڕێڕەوی تورکی-عەرەبییە لە سوریا و دەڵێت "پێویستە وڵاتانی عەرەبی لە دژی بوەستنەوە."

یەکشەممەی ڕابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو، لە ١٦٠هەمین کۆبوونەوەی خۆیدا، سەبارەت بە پرسەکانی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا، ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی و سەروەری ئەو وڵاتە، وەستانەوە دژی دەستێوەردانە ناوچەییەکان لە کاروباری سوریا و دەستوەردان لەو وڵاتەی دووپات کردەوە.

ئەنجومەنەکە پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، گیەر پێدەرسن دەربڕی.

عەبدولڕەحمان ڕەبۆ، ڕۆژنامەنووسی سووری لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی ئەم بابەتەی کرد و ڕایگەیاند، بەیاننامەی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو خواست و نیگەرانییەکانی هەر تاکێکی سوورییە.

ڕەبۆ وتی: "ماوەی زیاتر لە ٤ ساڵە دەوڵەتی تورک لە هەوڵی پیلانێکی بەرفراوانە لە ناوچەکە و لە هەوڵی کردنەوەی ڕێڕەوێکی تورکی-عەرەبیە لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ سوریا."

هەروەها وتی ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی گەلانی ناوچەکە کە زۆرینەیان کوردن، لەژێر گوشاری شەڕ، داگیرکاری و کۆمەڵکوژی و تێکدانی سیستماتیکی ژێرخانەکاندا بمێنەوە."

عەبدولڕەحمان ڕەبۆ ڕایگەیاند، پێویستە وڵاتانی عەرەبی لە دژی ئەو پلانە و تاوانانەکانی دەوڵەتی تورک ببنەوە لە ناوچەکە و بە تورکیا و ئێران بڵێن بەسە.

هەروەها محەمەد ئەلیمنی شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی میسر ڕایگەیاند، زۆربەی وڵاتانی عەرەبی لە ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو لەسەر یەکگرتوویی خاکی سووریا هاوڕان و دەستێوەردانەکان لە سوریا ڕەتدەکەنەوە.