فەرهاد شامی: بۆردومانەکان بە ١٤ فڕۆکەی جەنگی ئەنجامدراون

وتەبێژی قەسەدە فەرهاد شامی ڕایگەیاند: بۆردومانەکانی ئەمشەوی سەر ڕۆژاڤای کوردستان بە ١٤ فڕۆکەی جەنگی ئەنجامدراون و ناوچە مەدەییەکانی کردوەتە ئامانج و هێزەکانمان لە ئامادەباشیدان.

لەسەر بۆردومانەکانی ئەمشەوی سەر ڕۆژئاوای کوردستان، فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک- قەسەدە ئەمشەو بەشداری تەلەفزیۆنی ستێرک تیڤی بوو و ڕایگەیاند: ڕژێمی تورکیا بە  ١٤ فڕۆکەی جەنگی هێرشەکانی ئەنجامداوە و زۆر ناوچەی مەدەنی کردوەتە ئامانج و بە هۆیانەوە زیانی گیانی و ماددی هەیە و لە نزیکترین کاتدا زیانەکان و وردەکارییەکانی هێرشەکە بۆ ڕای گشتیی ڕادەگەیێنین.
شامی ڕایشگەیاند: هێرشە ئاسمانییەکان بە درێژایی ٦٥٠ کیلۆمەتر لە شەهبا و تەلڕەفعەتەوە بگرە تا کۆبانێ و دێرکی گرتووەتەوە.
وتیشی: فڕۆکەکانی تورک وێستگەی کارەبای دێرک و وێستگەیەکی دیکەی کارەبایان لە شەهبا کردوەتە ئامانج و بە هۆیانەوە هەردوو وێستگەکە لەکا کەوتوون. هەروەها دوو شەڕڤانی قەسەدە کە پاسەوانی وێستگەی کارەبای دێرکیان لە ئەستۆ بووە، شەهید بوون.

وتەبێژی قەسەدە ئاشکراشی کرد: لە زرکان و تەل ڕەفعەت، بە هۆی بۆردومانەکەوە ٤ سەربازی حکومەتی سوریا کوژراون. 
شامی وتیشی: بۆردومانەکان بە ئاگاداری ناتۆ و هاوپەیمانی دژی داعش بووە و پێشتر ئەوانی لێ ئاگادار کراوەتەوە. 

فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک- قەسەدە، داواشی لە هاوڵاتیانی ڕۆژاڤای کوردستان کرد لە ماڵەکانیاندا بمێنەوە و پابەندی ڕێنوێنی و ڕاسپاردەکانی قسەدە و هێزە ئەمنییەکانی خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتی ڕۆژاڤای کوردستان بن و ئەوەی پێویست بێت، لە پێناوی پاراستنی سەر و ماڵیاندا دەیکەین.

 

هـ.هـ