فۆزا یوسف: سەرمان دانانەوێنین

فۆزا یوسف ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە رایگەیاند، ئەوان لە بەرانبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک سەریان دانانەوێنن.

فۆزا یوسف ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) لەبارەی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە شێوەیەکی دڕندانە و بە بەرچاوی جیهان و هێزە نێونەتەوەییەکانەوە هێرشی هەرێمەکەیان دەکات.

 گوتی، "ئێمە ئەم هێرشە دڕندانەیە و بێدەنگیی هێزە نێونەتەوەیەکان شەرمەزار دەکەین، کە هەموو پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و یەکێتیی خاکی سوریا دەکاتە ئامانج. ئەم هێرشە بەشێکە لە سیاسەتی قڕکردن، کە دەوڵەتی تورک لەدژی پێکهاتەکانمان ئەنجامی دەدات."

فۆزا یوسف راشێگەیاند، شەڕی تیرۆری دەوڵەتی تورک هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر هەموو خەڵکی سوریا و دەوڵەتی تورک دەیەوێت ترس لەنێو پێکهاتەکانی هەرێمەکە بڵاوبکاتەوە بۆ ئەوەی ناوچەکانیان چۆڵ بکەن. بانگەوازی لە هەموو گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریاش کرد، کە لە بەرانبەر سیاسەتی قڕكردن هەڵوێستیان هەبێت و وابەستەبوونی خۆیان بە خاک و بەهاکانیان دیاری بکەن.

فۆزا یوسف ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە گوتیشی، گەلەکەمان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە لە دۆخێکی نائاسایی و ئامادەباشیدا بن و بەهێزی خۆیان لە تەنیشت بەڕێوەبەری خۆسەر بوەستن.

 لە کۆتاییدا فۆزا یوسف دەڵێت، پێویستە هەموو جیهان بزانێت، کە سەرمان لە بەرانبەر هیچ کەسێک دانانەوێنین و خۆمان دەپارێزین و تۆڵەی شەهید و بریندارەکانمان دەکەینەوە."

ف.ق