گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دژی هێرشەکان ڕژانە گۆڕەپانەکانەوە

گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە چەندین شارەوە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتاکانیان بۆسەر کەسانی چالاکی ئێشکگری شەرمەزار کرد.

توڕەییەکان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لەسەر کەسانی چالاکی ئێشکگری بەنداوی تشرین و هێرشەکانی سەر بەنداوەکە زیاتر دەبێت و لەو چوارچێوەیەدا لە چەندین شاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەوە گەل لە دژی هێرشەکان ڕژانە گۆڕەپانەکانەوە و بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندراو بە توندی ئەو هێرشانەیان شەرمەزار کرد.

عەین عیسا

ئەنجومەنی شاری عەین عیسا بە بەشداری دەیان ئەندامانی دامەزراوە، ئەنجومەن و نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوەکان ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.

ڕاگەیاندراوەکە لە لایەن ئەندامی ئەنجومەنی عەین عیسا، سەبری نەبۆوە خوێندرایەوە و تێیدا هێرشەکانی سەر گەل وەک تاوانی جەنگ لێکدرایەوە و بە توندی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەرمەزار کرا و سڵاو و پشتیوانی گەل بۆ شەڕڤانانی قەسەدە دووپاتکرایەوە.

تل کۆچەر

ئەنجومەنی شاری تل کۆچەری کانتۆنی جزیرە بە هەمان شێوە بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوێک هێرشەکانی شەرمەزار کرد.

ڕاگەیاندراوەکە لە پێش بینای ئەنجومەن لە لایەن هاوسەرۆکی ئەنجومەنی تل کۆچەر، نەواف ئەل خەدانەوە خوێندرایەوە و وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکان و پشتیوانی گەل بۆ شەڕڤانان دووپاتکرایەوە.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەوازی لە هاوپەیمانێتی نێونەتەوەی، نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ڕێکخراوە مرۆییەکان کرا ڕێگری لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بکەن بۆسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

دێرک

بەسەدان کەس لە دانیشتوانی دێرک و گوندەکانی دەورووبەری بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێک هێرشەکانی دەوڵەتی تورکییان بۆسەر کاروانەکانی گەل شەمەزار کرد و پشتیوانییان بۆ شەڕڤانانی قەسەدە دووپاتکردەوە.

ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی ئازدییەوە دەستیپێکرد و بە درووشم پشتیوانی خۆیان بۆ قەسەدە دەربڕی و تا ناوەندی بازاڕی شارەکە بەردەوام بوو.

ڕێپێوانەکە بە درووشمی "بەرخۆدان ژیانە" و "بژی بەرخۆدانی قەسەدە" کۆتایهات.

گرکێ لەگێ

لە شاری گرکێ لەگێی کانتۆنی جزیرە بە سەدان کەس بە ئەنجامدانی ڕێپێوان پشتیوانی خۆیان بۆ قەسەدە دەربڕی.

ڕێپێوانەکە لە چوارڕێیانی شەهیدانەوە بە وتنەوەی درووشمەکانی "بژی بەرخۆدانی قەسەدە" و "ڕۆڵەکانمان مەکوژن"ەوە دەستیپێکرد و تا ناوەندی بازاڕی شارەکە بەردەوام بوو.

لە ڕێپێوانەکەدا لە لایەن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەیەدە، ئیدریس ئەحمەدەوە سڵاو لە بەرخۆدانی گەلانی هەرێمەکە کراو و بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ببوەستنەوە.

ڕێپێوانەکە بە درووشمی "بەرخۆدان ژیانە" و "بژی بەرخۆدانی قەسەدە" کۆتایهات.