بە دیمەن

گەلی کانتۆنی فرات لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان ڕێپێوانیان کرد

بە هەزاران کەس لە دانیشتوانی کانتۆنی فرات بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لەسەر بەنداوی تشرین و بە ئامانج گرتنی کاروانەکانی گەل ڕژانە گۆڕەپانەکانەوە.

بە ڕێپێوانێکی جەماوەری بەرفراوان هەزاران کەس لە دانیشتوانی کانتۆنی فرات بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لەسەر بەنداوی تشرین و بە ئامانج گرتنی کاروانەکانی گەل ڕژانە گۆڕەپانەکانەوە. ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد بە بەرزکردنەوەی درووشمەکانی "بەرخۆدان ژیانە"، "بژی بەرخۆدانی قەسەدە" و "تۆڵەکردنەوە بەڵێنمانە" دەستیپێکرد و تا گۆڕەپانی شەهید عەگید بەردەوام بوو.

لە ڕێپێوانەکەدا ئاڵاکانی قەسەدە و یەپەژە بەرزکرانەوە و ژنان بە هەڵگرتنی پانکارتی 'بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا هێرشەکان تێکدەشکێنێت' پێشەنگایەتی ڕێپێوانەکەیان کرد.

لە گۆڕەپانەکەدا دوای وەستانی خولەکێک بۆ شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی فرات، مزگین خەلیل قسەیکرد و سەرەتای قسەکانی بە شەرمەزارکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆسەر بەنداوی تشرین و کاروانەکانی گەل دەستپێکرد و وتی: "تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدرێت. ئەم هێرشە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام گەل بەوپەڕی مۆراڵ بەرزییەوە بەردەوامن لەسەر بەرخۆدانی ئازادی خۆیان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەتاڵەکەنەوە."

بانگەوازی بۆ پشتیوانی شەڕڤانان

لە قسەکانیدا مزگین بانگەوازی لە هەمووان کرد شان بە شانی شەڕڤانان لە تێکۆشاندابن و وتی: "دەبێت گەلەکەمان خاوەنداری لە هێزی خۆی بکات، لەبەرانبەر هێرشە داگیرکارییەکاندا ببنە ڕێگر و هەموو کاتێک بە هێزی خۆمانەوە وڵاتمان لە داگیرکاری بپارێزین."

ڕێپێوانەکە بە وتنەوەی درووشمەکانەوە کۆتایهات.