گەلی کۆبانێ پێویستی زستانە بۆ شەڕڤانان ئامادە دەکەن

هاوڵاتیانی گوندی تەلکێ ڕۆژئاوای شاری کۆبانێ ڕایانگەیاند، لە هەوڵی دابین کردنی پێویستیە زستانیەکانی شەڕڤانانی خۆیانن.

گەلی کۆبانێ لە چوارچێوەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕدا، هەر لە تەمەنی ٧ ساڵانەوە تا ٧٠ ساڵ پێشەنگایەتی بەرخۆدان دەکەن. ڕۆژانە بەهەزاران بنەماڵەی کۆبانێ خواردن و جلوبەرگ بۆ شەڕڤانانیان ئامادە دەکەن. گوندی تەلکێ لە ڕۆژئاوای شاری کۆبانێ، خواردن، شیرینی، میوە بۆ شەڕڤانانی بەرەکانی شەڕ ئامادە و ڕەوانەی دەکەن.

بەرکەل عەلێ، گەورە و ڕیش سپی گوندەکە دەڵێت، هەرچییەک بکەن، بۆ شەڕڤانانی خۆیان هێشتا بەس نییە و وتی: "ئێمە بەتانی و جل و بەرگی پێویست بۆ پاراستنی شەڕڤانان لە ڕەوشی سەرما، ئامادە دەکەین، پاراستن و خاوەنداری لە شەڕڤانانمان کە لە پێناو ئێمەدا تێکۆشان دەکەن بە ئەرکی خۆمان دەزانین. بەدڵنیاییەوە سەردەکەوین و کۆتایی بە داگیرکاری دەهێنین."

هەروەها گوندنشینێک بە ناوی حەمەدە مێچۆی عەلی ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە سەردەستی شەڕڤانان شکستێکی مەزنیان خواردووە و وتی: "سڵاو لە بەرخۆدانی شەڕڤانانمان دەکەین. گرنگ نییە چی دەبێت ئێمە لە پێناو شەڕڤانانمان هەرچی بکەوێتە سەر شانمان دەیکەین، ئێمە پشیوانی شەڕڤانانی خۆمانین، درێژە بە بەرخۆدانی خۆمان دەدەین و بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین."