بە دیمەن

گەنجان دژی سزای ٦ مانگ قەدەغەی دیدار ڕژانە گۆڕەپانەکان

ژنان و گەنجانی کانتۆنی فورات دژی بڕیاری سزای ٦ مانگ قەدەغەی دیداری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ پارێزەران، ڕژانە گۆڕەپانەکان.

لە ٢٥ ی ئاداری ٢٠٢١ ـەوە زانیاری دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا سزای ٦ مانگ قەدەغەی دیدار لەگەڵ پارێزەران بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش و حامیلی یەڵدرم سەپێنراوە.

ژنان و گەنجانی کانتۆنی فورات دژی ئەم بڕیارە ڕژانە گۆڕەپانەکان و بڕیارەکەیان شەرمەزار کرد.

گەنجان لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد کۆبوونەوە و تا گۆڕەپانی ئاشتی ڕێپێوانیان کرد، پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، هاوسەرۆکی گەنجان و وەرزشی کانتۆنی فورات ئاڤاشین مستۆ قسەی کرد و ڕایگەیاند تا دێت گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان قووڵتر دەبێتەوە، گوتی: "دەیانەوێت بەم ڕێگەیە، ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ سنووردار بکەن، بەڵام فیکری ڕێبەر ئاپۆ بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە. ڕامانەکانی نەوەک هەر بۆ گەنجانی کورد، بۆ تەواوی گەنجانی جیهانە. بۆیە لە فیکری ڕێبەر ئاپۆ دەترسن و گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ زیاتر دەکەن. وەک ژنانی گەنج و گەنجانی کۆبانێ چۆن شۆڕشەکەمان بە فیکری ڕێبەر ئاپۆ دەرکەوت، ئێمەش بەو هێزەوە ئازادی جەستەیی ڕێبەرمان مسۆگەر دەکەین".

ڕێپێوانەکە بە بەرزکردنەوەی درووشـم کۆتایی هات.