لە ساڵی ٢٠١١ەوە کە ڕووداوەکانی بەناو "بەهاری عەرەبی" دەستیپێکرد، سووریا لە ناو قەیرانی سیاسی و کۆمەڵگەی قوڵ و ئاڵۆزدایە. بێگومان هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانانە و شەڕی ناوخۆی سووریا سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس بوون. وڵاتێکی وەک سووریا کە فرە نەتەوە، فرە کەلتوور و باوەڕییە، زیهنیەتی شۆڤێنی و نەتەوەپەرەستی دەوڵەت-نەتەوە وایکرد ئەم دۆخەی ئێستا دەرکەوێت. بێگومان وڵاتێک دیموکراتیک و سیستەمی دیموکراتیکی تێدا هەبێت سەختە بە ئاسانی ببێتە ئامانجی هێرشەکان و ڕووخان، بەڵام لە سووریادا ئەمە نەبوو. ئێستاش هەمان هەڵە بەردەوام بێت و وانە لە پێشوو وەرنەگیرێت، ڕژێمی نوێش وەک پێشوو دەبێت.
بەڵێ، نزیکەی شەش مانگە لە سووریا دۆخێکی نوێ هەیە. ڕژێمی بەعس زیاتر لە پەنجا ساڵ لە سووریا حوکمی کرد ڕووخا و ئێستا دەسەڵاتێکی نوێ دیمەشق بەڕێوەدەبات، بەڵام ڕابردووی ئەم دەسەڵاتە هەمووکەسێک دەیزانێت. ئەم دەسەڵاتە شەربەتی ئەل قاعیدە و داعشی خواردۆتەوە و لەسەر نەریتی ئەوانە. هاتنە سەر دەسەڵاتیان لە هیز و زیرەکیان نەبوو، بەهۆی هەلومەرجی دەرکی و ناخۆییەوە بوو. ئەم دەسەڵاتە نوێیە کە ئێستا لە گۆڕەپانەکەدایە، دەبێت ئیدی بڕیاری خۆی بدات. ئایا دەبێتە دووبارەبوویەکی ڕژێمی بەعس تاوەکو وڵات زیاتر بەرەو شەڕ و کارەسات ببات یان ئەزموون لە پێشووی خۆی وەردەگرێت، بۆ بونیاتنانی سووریایەکی نوێی دیموکراتیک تێکۆشان دەکات؟ بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەڵێن "سوریا نابێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی پێش ساڵی ٢٠١١ و ئیدی بە ناوەندیبوون نەماوە دەتوانرێت بەڕێوەببرێت".
دەبێت هەمووکەسێک ئەم ڕاستییە ببینێت. ئەم ڕژێمە نوێیە بۆ داهاتووی سووریا هیچ قوربانییەکی نەداوە. کاتێک لە ژێر ناوی جەبهەت ئەل نوسرە سەریان هەڵدا و گوایە ئامانجیان گۆڕینی ڕژێم بوو، سەرەتا کوردیان کردە ئامانج. لە ساڵی ٢٠١٣ پێش داعش بە پشتگیری دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشیان کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و چوونە ناو سەرێکانییەوە. لە ڕاستیدا هێز، ئیرادە و بەرخۆدانی گەلی کورد یەکەمجار لەوێدا ناسرا. دوای شکستەکەیان، چیرۆکەکەیان لە ئیدلب دەستیپێکرد و تاوەکو ڕۆژی ڕووخانی بەعس لەوێ لەژێر کۆنترۆڵی هێزە نێونەتەوەییەکاندا لە هەبوونی خۆیان بەردەوامبوون.
چیان لە کوردان کرد، بۆ سووریا چیان دەوێت؟ هەمووکەسێک وەڵامی ئەم پرسیارە دەزانێت و لە ماوەی ساڵانێکی زۆردا دۆزییانەوە. لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە سووریا، کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان، شۆڕشی ١٩ی تەمموزیان ئەنجام دا و دەستیان بە بونیاتنانی سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک کرد. سەرەڕای هێرشەکانی گروپە چەتەکانی وەک داعش، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و داگیرکردنی شارەکان ئەم سیستەمەی خۆیان پاراست و تاوەکو ڕۆژی ئەمڕۆ هێنایان. هەرچەندە ئەم شۆڕش لەسەر جوگرافیایەکی بچوک ئەنجام درا، بەڵام کاریگەرییەکەی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان زۆر مەزنبوو. ئامانجی یەکەمی ئەم شۆڕشە دیموکراتیزەکردنی سووریا بوو. ئەمڕۆش هەمان ئامانج بەردەوامە.
نموونەی خۆبەڕێوەبەری یان سیستمی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ سووریا چانس و دەرفەتێکی مەزنە. زۆرێک لە بازنەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەم سیستەمە وەک ڕێگەی چارەسەری نیشان دەدەن. دەبێت ڕژێمی نوێ ئەم دەرفەتە لە دەستنەدات. ئەم سیستەمە سووریا لە لایەنی سیاسی و کۆمەڵگەییەوە بەهێزتر دەکات و لە هەموو دەستوەردانێک دەیپارێزێت. جگە لە دیموکراتیزە بوون هیچ ڕێگەیەکی دیکە لەبەردەم ڕژێمی نوێ نەماوە. دەبێت قبووڵی بکەن کە هێزی سەرەکی بۆ دیموکراتیزەکردنی سوریا کوردە. ئەزمون و تێکۆشانی کورد لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا ئەمەی پشتڕاست کردەوە و بە هەموو جیهان نیشانی دا.
لە ئێستادا کۆبوونەوە لە نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی دیمەشق ئەنجام دەدرێت. تا ئێستا ڕوون نییە کە دەرئەنجامی ئەم کۆبوونەوانە چۆن دەبێت، بەڵام هەرچەندە دەوڵەتی تورک لە سوریا وەک جاران قسەی نەماوە، لێ پێدەچێت لە دانوستانەکانی ئەم دواییانەدا هێشتا کاریگەری لەسەر حکومەتی دیمەشق و دانوستانەکانیان هەبێت. ئەگەر دەسەڵاتی دیمەشق بە هاوکاری دەوڵەتی تورک بچێتە خوارەوەی بیرەکەوە، ئەوا لێی دەرناچێت. هەمووکەسێک دەزانێت و دەبێت حکومەتی نوێش بزانێت کە دەوڵەتی تورک هەرگیز خێری بۆ سوریا ناوێت و ئەوان هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخانەی سووریا ئەوانن. تاکە ڕێگای مانەوەیان لە دەسەڵات و دیموکراتیزەکردنی سوریا بە دانوستان لەگەڵ کورد و داننان بە ئیدارەی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تێپەڕ دەبێت. چونکە هیچ قازانج و سودێک لە شەڕێکی ناوخۆی دیکە بۆ هەرێمەکە و بۆ سووریا نابێت. گەلانی سووریا لە شەڕ و قەیران ماندووبوون و ئیدی سەقامگیرییان دەوێت.