هەسەدە دەیان چەتە و بازرگانی مادەی هۆشبەر دەگرێت

لە ئۆپەراسیۆنەکەی هەسەدە لە گوندەواری دەیرەزۆر، دژی چەتەکانی داعش و بازرگانانی مادەی هۆشبەر، سێ چەتەی هێرشکەر لە چالاکی خران و ١١ چەتە و ١٠ بازرگانی مادەی هۆشبەر گیران.

ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش"ـی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە گوندەواری دەیرەزۆر، ٤ ڕۆژە بەردەوامە. ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە بەگوێرەی پلانەکان بەڕێوەدەچێت.

ئۆپەراسیۆنەکە لە سێ باسکەوە دەستی پێ کرد، باسکی یەکەم، لە گوندەواری باکوری دەیرەزۆر لە ناوچەی سورەوە تا دەگاتە چەمی فورات و هەرێمی ٧ کیلۆ دەگرێتە خۆ. باسکی دووەم، لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دەیرەزۆر لە ناوچەکانی گرێدراوی شارۆچکەی بەسیرە و تا سنوورەکانی سوریا_عێراق لە شاری باهۆز دەگرێتە خۆ. باسکی سێیەم، لە گوندەواری ڕۆژئاوای دەیرەزۆر لە چوارڕیانی مەعاملەوە تا هەرێمەکانی سەر بە ڕەقە دەگرێتەخۆ.

لە ڕۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هێزەکانی هەسەدە، ئامانجەکانیان لە باسکی سێیەم بەدی هێنا. لەو چوارچێوەیەدا، ٥ چەتەی داعش و ٨ بازرگانی مادەی هۆشبەر گیران، هەروەها ٣ هێرشکەری سەر هێزەکانی ئۆپەراسیۆنەکە کوژران.

لە دووەم ڕۆژدا، هەسەدە زیاتر تیشکی خستە سەر گوندەوارەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی دەیرەزۆر. ئۆپەراسیۆنەکانی لەوێ فراوانتر کرد. بەپێی ڕاگەیاندراوی هەسەدە "هێرشکەرانی سەر هێزەکانی ئۆپەراسیۆنەکە، بازرگانانی مادەی هۆشبەر، ئەو کەسانەی ستەمیان لە خەڵکی سڤیل کردووە، بەئامانج گیراون".

هەر لەم چوارچێوەیەدا، بەتایبەت لە باسکی یەکەمین، "گوندەواری باکوری دەیرەزۆر"، لەسەر ڕێگەی عەزبە_کۆنیکۆ ٣ چەتەی داعش کە هەوڵی ڕاکردنیان دەدا، گیران. لە ئۆپەراسیۆنی هەڵکوتانەسەردا، ٢ بازرگانی مادەی هۆشبەر گیران و مادەکانیان دەستبەسەرکران.

لە ڕۆژی سێیەم، هێزەکان لە شارۆچکەی سەعدە لە باکوری دەیرەزۆر ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری بوونەوە. لە ئەنجامدا شەڕڤانێکی هەسەدە و ژنێک شەهید بوون، ژمارەیەک هاوڵاتی لە شوێنی ڕووداوەکە بریندار بوون.

هەسەدە وەڵامی هێرشەکەی دایەوە، ٣ چەتەی داعش گیران، یەکێکیان سەرچەتە بوو.

لەدوای هێرشی سەر هێزەکانی هەسەدە، لە بەرامبەر ئەو سەرلێشێواوییەی لە گوندەوارەکانی ڕۆژهەڵات و باکوری دەیرەزۆر ڕوویدا کە بەشێک لە دامودەزگا سڤیلەکان و ڕێگاوبانەکان داخران و هانی هێرشەکانی سەر هەسەدە دەدرا، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان زیاتر کران و مەودای ئۆپەراسیۆنەکان فراوانتر کران.

ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش" ئەمڕۆ لە چوارەمین ڕۆژی خۆیدا لە باسکی یەکەم "گوندەواری باکوری دەیرەزۆر" و هەندێک بەشی باسکی دووەم "گوندەواری ڕۆژهەڵات" بەردەوامە. ئەو شەڕڤانانەی بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە بە ئاژانسەکەمانیان ڕاگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت، چوارچێوەی ئامانجەکانی فراوانتر کراوە.

بەگشتی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا ١١ چەتەی داعش و ١٠ بازرگانی مادەی هۆشبەر گیراون، هەروەها ٣ هێرشکەر کوژراون. جگە لەوەش لە هێرشی چەکدارەکان و چەتەکانی داعش و بۆ سەر هێزەکانی ئۆپەراسیۆنەکە، شەڕڤانێکی هەسەدە و ژنێک شەهید بوون و ژمارەیەک هاوڵاتیش برینداربوون.

لە گوندەواری ڕۆژئاوای دەیرەزۆر و ڕووبەڕێکی بەرینی گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دەیرەزۆر، ژیان ئاساییە.