قەسەدە: شەڕی ئێمە دژی چەتەکانە

قەسەدە: "لەنێوان هێزەکانمان و گەلی دەیرەزۆر هیچ کێشە و ناکۆییەک نییە، شەڕی ئێمە دژی چەتەکانە".

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، پەیوەست بە پێشڤەچوونەکانی ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش"، ڕاگەیاندراوێکی لە ماڵپەڕی سەرەکی خۆی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"هێزەکانمان ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش"یان دژی شانەکانی داعش و تاوانباران دەستپێکرد. دواتر هێزە جیاوازە دەرەکییەکان دەستوەردانیان کرد و ویستیان ئەم ئۆپەراسیۆنە بکەنە دەرفەتێک بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانیان. بەتایبەت لە ٣ ڕۆژی ڕابردوودا شەڕ لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و مەجلیسی سەربازی دێرەزۆر بەرامبەر چەتە چەکدارەکانی سەر بە بەشێک لە دامەزراوە ئەمنییەکانی حکومەتی دیمەشق کە لە دیوی ڕۆژئاوای ڕووباری فوراتەوە دزەیان کردبووە هەرێمەکە دەستی پێ کرد. ئەو چەتانەی کە لە ڕێگای ڕووباری فورات و سنووری ساڵحیە هاتبوونە هەرێمەکە، هەوڵیان دا شەڕی خەڵکی ناوچەکە بدەن بە گژی یەکدا. هەروەها هەوڵ دەدەن وەها پیشانی بدەن ئەمە شەڕی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و گەلی دەیرەزۆر. ئەم بانگەشەیە درۆیە و ڕاست نییە، بەتایبەتی کە ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش" لەسەر داخوازی گەلی دەیرەزۆر و شێخ و عەشیرەتەکان ئەنجامدراوە. هیچ ململانێ و کێشەیەک لەنێوان خەڵکی دەیرەزۆر و هێزەکانی ئێمە، هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا نییە، بەپێچەوانەوە، هەمووان دەزانن کە هێزەکانی هەسەدە گەلی هەرێمەکەیان لە ستەمی داعش ڕزگار کرد و ئێستا خەریکی پاراستنی گەلی هەرێمەکە و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە.

ئامانج لەو پرۆپاگەندەیە هەوڵدانە بۆ ئەوەی ڕەوشەکە وەک شەڕی هێزەکانمان و عەشیرەتە عەرەبەکان پیشان بدرێت، ئەوە هیچ  نییە جگە لە دروستکردنی فیتنە و شکاندنی یەکڕیزیی هەسەدە و گەلی هەرێمەکە. جگە لەوەش هەندێک لایەنی نەیار بەنیازن ئەو دۆخە وەک ململانێی نێوان کورد و عەرەب وێنا بکەن. ئەم یارییە هەر لە سەرەتای ململانێی سوریاوە بەردەوامە، هەمیشە هەوڵیانداوە هێڵی شۆڕش بگۆڕن و وەک شەڕی ئایین و مەزهەب و نەتەوەکان وێنای بکەن.

لە ساڵی ٢٠١٣ەوە زۆرێک لە لایەنەکان هەوڵیاندا شەڕی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە دژی داعش وەک شەڕی کورد و عەرەب بخەنە ڕوو و تا ئەمڕۆش سیاسەتەکانیان بەردەوامە. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە هیچ ململانێیەک لە نێوان گەلی عەرەب و گەلی کورددا نییە. ئەو دوو گەلە ساڵانێکی زۆرە بە ئارامی و سەقامگیری پێکەوە دەژین، هەروەها سەرجەم دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە ماوەی ٨ ساڵە دامەزراون، لەگەڵ کچ و کوڕانی عەرەب و کورد و سوریانی و ئەرمەن شان بە شانی یەکتر شەڕ دەکەن و خوێنی پاکیان لەسەر ئەم خاکە ڕژاوە بۆ ئەوەی هەرێمەکانمان لە چەتەکان ڕزگار بکەن. لە بنەڕەتدا هەسەدە بەهێزترین نیشانەیە بۆ یەکگرتوویی تەواوی گەلی ناوچەکە بە تایبەت یەکگرتوویی گەلی عەرەب و کورد. بۆیە بەم بانگەشە خراپانە هەوڵ دەدەن یاری بە هەستی گەلی هەرێمەکە بکەن و بیاندەن بە گژی یەکدا. ئێمە پێمان وایە گەلەکەمان لەم گەمانە ئاگادارە، هەڵوێستی هەسەدە بەرامبەر ئەم گەمانە پاراستنی هەرێمەکەیە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، ئەمەش بەهێزترین وەڵامە بەرامبەر بە هەموو فیتنە و گەمەیەک.

دەوڵەتی تورک دەخوازێت ئەم ڕەوشە وەک دەرفەتێک بقۆزێتەوە

هاوکات دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی هەوڵ دەدەن ئەم دۆخە بکەنە دەرفەت و لە پێنج لاوە هێرشیان کردە سەر بەرەکانی پاراستنی مەجلیسی سەربازی مەنبەج. بەڵام شەڕڤانانی مەجلیسی سەربازی مەنبەج ئازایانە شەڕیان کرد، هەموو هێرشەکانیان تێکشکاند و ئەو چەتانە کە گەیشتە خاڵی مەجلیسەکە کۆنتڕۆڵکران و گوندەکەیان پاککردەوە و زیانێکی زۆریان بە چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک گەیاند. ئەمە گەورەترین وەڵامی هەسەدەیە بۆ هەرکەسێک هەوڵی هێرشکردنە سەر گەلی هەرێمەکە و ئاسایشەکەی بدات.

هەروەها بانگەوازی گەلی دەیرەزۆر و هەموو گەلی هەرێمەکە دەکەین، شوێنی ئەم گەمە و فیتنانە نەکەون.  هەسەدە هێزی پاراستنی سەراپای گەلی هەرێمەکەیە. شەڕی ئێستا لە نێوان هەسەدە و چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەندامانی سەر بە لایەنە ئەمنییەکانی ڕژێمە. هیچ ناکۆکییەک لە نێوان هەسەدە و عەشایەری هەرێمەکە نییە، ئێمە هەمیشە لە پەیوەندیداین لەگەڵ عەشیرەتەکان. ئەو قوربانیانەی دەیدەین بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی گەلی هەرێمەکەیە".