بە دیمەن

هەزاران کەس لە کانتۆنی فورات کۆمەڵکووژییەکانی دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد

دانیشتووانی کانتۆنی فورات هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و کۆمەڵکووژی شاری سرینیان شەرمەزار کرد.

بە هەزاران کەس لە دانیشتووانی کانتۆنی فورات، خوێندکار، ئەندامی داموزگاکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هێرشەکان لەسەر هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و کۆمەڵکووژی دوێنێ لە شاری سرین لە لایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە ئەنجامدرا کە لە ئەنجامدا ١٢ هاووڵاتی شەهید بوون و ١٣ هاووڵاتیش بریندار بوون، بە ڕێپێوانێکی جەماوەری شەرمەزار کرا.

ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد دەستی پێکرد. لە ڕێپێوانەکەدا ئاڵای یەپەژە و قەسەدە و وێنەی شەهیدان و شەهیدانی دوێنێ کۆمەڵکووژییەکەی شاری سرین هەڵگیرا و بێپچڕان دروشمی "شەهید نامرێت"، "بژی بەرخۆدانی قەسەدە و یەپەژە" و "بەرخۆدان ژیانە" بەرزکرایەوە.

ڕێپێوانەکە تاوەکو گۆڕەپانی شەهید عەگید بەردەوامبوو، لەوێدا خولەکێک ڕێز گیرا. پاشان ئەندامی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)ی کانتۆنی فورات بەکر حاجی عیسا کۆمەڵکووژییەکانی دوێنێی شاری سرینی شەرمەزارکرد و گوتی: "دوێنێ لە شاری سرین دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە فرۆکەی جەنگی لە دژی هاووڵاتیان کۆمەڵکووژی ئەنجامدا. لە شاری کۆبانێ هەمیشە بە خوشک-برایەتی گەلان فاشیزم و داگیرکاری لە ناودەبەین. بۆ ئەوەی داگیرکاری تێک بشکێنین، بەرخۆدان دەکەین. گەلۆ بۆچی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە بەرانبەر ئەم هێرشانە لە دژی هاووڵاتیان، خۆی بێدەنگ کردوە. ئیدی دەبێت کۆتایی بەم بێدەنگییە بێت".

هاووڵاتی شاری سرین محەمەد ڕەجەب موستەفا ئاماژەی بەوەکرد کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کۆمەڵکووژی لە دوای کۆمەڵکووژی لە دژی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دەدات و گوتی: "ئەم کۆمەڵکووژییانەی کە لە دژی گەلەکەمان ئەنجام دەدرێت، شەرمەزار دەکەین. دوێنێ جارێکی دیکە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کۆمەڵکووژی ئەنجامدا و لە ئەنجامدا ١٣ هاووڵاتی بریندار بوون و ١٢ش شەهید بوون. ئەم کۆمەڵکووژییانەی لە دژی گەلەکەمان ئەنجام دەدرێت شەرمەزار دەکەین".

رێپێوانەکە بە بەرزکردنەوەی دروشمی "بەرخۆدان ژیانە" کۆتایی هات.