ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سوریا ڕایگەیاند، هێزەکانی حکومەتی دیمەشق خاڵێکی چەتەکانی تەحریری شامیان لە دەوروبەری ناوچەی سەرمین بۆردومان کردووە، کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکدایە.
ڕێکخراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەهێرشەکەدا ٢ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ٢ کەسیش بە سەختی برینداربوون کە یەکێکیان منداڵە.
ھاوکات بە گوێرەی ئامارێکی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سوریا، "لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە، لە ئەنجامی ٢٦٨ ئۆپەراسیۆن، ٤٢١ کەسی چەکدار و مەدەنی کوژراون. هاوکات ٢١٢ چەکدار و ٨٧ هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون، کە لەو ژمارەیە ١١کەسیان ژن بوون و ٣٠ کەسیشیان منداڵ بوون".
ئەوەش خراوەتەڕوو، لەو کەسانەی کۆژراون، ٢٩٩ کەسیان لە هێزەکانی دیمەشق بوون، و ٦٧ کەسیشیان سەر بە دەستەی تەحریری شام بوون.
ژ.ن