زیاد لە ٣٥ هەزار کەس لە کەمپی هۆڵدا جێگیرکراون. بەشێیکان عیراقین و بەشێکی دیکەشییان سوورین. هەروەها ڕێژەیەکی زۆری کەسانی بیانیشی تێدایە. هاوکات زۆرینەی ئەو کەسانەی لەوێن لەگەڵ داعشدا کارییان کردووە. هەربۆیە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان کەمپی هۆڵ بگۆڕنە جێگەی توندوتیژی و چاندنی عەقڵێتی داعشی.
هاوسەرۆکی کەمپی هۆڵ جیهان حەنان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی دۆخی کەمپی هۆڵ کرد و ئاماژەی بەوەدا بە تایبەت لە ٢٠١٩ بەدواوە و دوای ڕزگارکردنی باغۆز بە هەزاران ژن و منداڵ هاتنە کەمپی هۆڵ و مەترسییەکانیش زیاتربوونە.
جیهان حەنان دەستنیشانی کرد کامپی هۆڵ بە تەنها کامپێک نییە بۆ ڕاگرتنی چەتەکانی داعش بەڵکو بووە بە کەمپێکی مەترسیدار و گوتی: "لەم کامپەدا بە ئێستاشەوە ژنان خواستییانە منداڵەکانیان لەسەر هۆشمەندی داعش پەروەردە ببن، بۆئەوەی هەموو کاتێک عەقڵێتی مەترسیداری داعش بەردەوام بێت. تاوەکو ئێستاش بیری توندەڕەوی ئیسلامی لەلایەن ژن و منداڵانی داعشەکانەوە پەرەی پێدەدرێت. کەچی لەگەڵ هەموو ئەم مەترسیانەدا کەمپی هۆڵ لە لایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریییەوە دەپارێزرێت بە بێ هیچ هاوکارییەکەی نێونەتەوەیی."
ئیداری خۆبەڕێوەبەری بە هەموو هێزی خۆیەوە دەیەوێت هاوکاری بکات
جیهان حەنان ئاشکرای کرد دوای ئەوەی ئەمریکا هاوکارییەکانی خۆی بۆ کەمپەکە گرتەوە، لە ڕووی پێویستییە ژیانییەکانەوە کەموکوڕی دەرکەووتووە و گوتی: "بەهۆی ئەوەی ئەمریکا زۆرترین هاوکاری کەمپی هۆڵی دەکرد، بەڵام بە ڕاگرتنی هاوکارییەکانی بۆ کامپەکە، کەموکوڕی پێویستییە ژیانییەکان دەرکەوتن. هێشتا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری توانای جێبەجێکردنی هەموو پێویستییەکانی نییە. بەڵام بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵی دابینکردنی پێویستییەکانە. ئەوەی سەیرە وێڕای هەبوونی دەیان ڕێکخراوی مرۆی لە هەرێمەکەدا، بەڵام هیچ هاوکارییەکی کامپەکە ناکەن. بەم شێوەیە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەموو قورسایی کامپەکەی لە ئەستۆ گرتووە."
لە پێناو ئەمنییەتی کەمپەکەدا هەموو کاتێک ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدرێت
جیهان حەنان بەم شێوەیە درێژەی قسەکانی دا: "هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە هاوکاری قەسەدە و یەپەژە ئۆپراسیۆنی ئەمنی کەمپەکە ئەنجام دەدەن. هەموو ئەمانەش بۆ پاراستنی ژیانی منداڵان و ژنانی کەمپەکە بوو. لەم ئۆپەراسیۆنانەوە مەترسی زۆر گەورە ئاشکرا کران و لەنابران."
'پێویستە وڵاتان ئاگایان لەم کەمپە بێت'
جیهان لە کۆتایی قسەکانییدا گوتی: "گەر وڵاتانی نێونەتەوەیی ئەم کەمپە پشتگوێ بخەن، ئەوا لە داهاتوودا دەبێتە مەترسییەکی گەورە لەسەر هەرێمەکە. ئەم مەترسییەش تەنها لە ئاستی سووریا و عێراقدا نامێنێتەوە بەڵکو بۆ هەموو جیهان دەگرێتەوە."