فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەربارەی ئۆپەراسیۆنەکە ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە، ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ_ژن و بە هاوکاری یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە ناوخۆی کەمپەکە ئەنجامدراوە و ئەمڕۆ کۆتایی هاتووە. لە ١٨ ی نیسان دەستی پێکرد و ٦ ڕۆژ بەردەوام بووە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە هەڵوەشاندنەوەی شانە نووستووەکان و پتەوکردنی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی کەمپەکە بوو.
دەربارەی ئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنەکە ئەم زانیارییانە بڵاوکرایەوە: "٢٠ ئەندامی داعش و هاوکارەکانیان دەستگیرکران.
سێ کڵاشینکۆف و دەمانچەیەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی کە لەناو خێمەیەکدا شاردرابوون، دەستی بەسەردا گیرا.
هەوڵێکی هەڵهاتنی بەکۆمەڵ، بە هەماهەنگی شانەیەکی ناو کەمپەکە و شانەیەکی دیکەی دەرەوەی کەمپەکە، پووچەڵکرایەوە و سەرجەم ئەندامانی شانەکە دەستگیرکران.
هەروەها ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ-ژن شانەیەکی داعشی کردە ئامانج کە لەگەڵ شانەکانی دیکە هەماهەنگی دەکرد بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی.
ئەم ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتنی هێزەکانمان پشتڕاست دەکاتەوە لە لێدانی گورزی نوێ لە دژی شانە تیرۆریستییەکان کە هەوڵ دەدەن ڕەوشی مرۆیی لەناو کەمپەکە بقۆزنەوە بۆ جێبەجێکردنی پلانە تیرۆریستییەکانیان. هەروەها جەخت لەسەر پابەندبوونی تەواومان دەکاتەوە بۆ دۆزینەوەی تیرۆریستان و وشککردنی سەرچاوەکانی لە هەر شوێنێک بێت".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکات بەرپرسیارێتی بگرنەئەستۆ پەیوەست بە کەمپی هۆل و کاری جدیی بکات بۆ گەڕاندنەوەی گیراوانی نێو کەمپەکە بۆ وڵاتەکانیان، هاوکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بکات تاوەکو باشتر ئەم دۆسیە دژوارە بەڕێوەببات.
هەروەها جەخت دەکاتەوە، هیچ شوێنێکی سەلامەت بۆ تیرۆریستان ناهێڵنەوە. بانگەواز لە گەل دەکات هاوکاری زیاتری هێزەکانیان بکەن و لە هەموو جموجوڵ و چالاکییەکی گوماناویی هێزەکانیان ئاگادار بکەنەوە.