کۆبوونەوەی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دیمەشق کۆتایی هات
کۆبوونەوەی شاندی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەسەڵاتدارانی دیمەشق لە دیمەشق کۆتایی هات.
کۆبوونەوەی شاندی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەسەڵاتدارانی دیمەشق لە دیمەشق کۆتایی هات.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA)، کۆبوونەوەی نێوان خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و شاندی حکومەتی کاتی سوریا لە دیمەشق کۆتایی هات. بەپێی ئەو زانیارییەکان، شاندەکانی هەردوولا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەکی هاوبەش رادەگەیەنن.
لە میانی دیدارەکەدا، بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار کە لە نێوان مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) و حکومەتی دیمەشق واژۆ کرا، باس لەسەر پلانی چالاکی هاوبەش کرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە. شاندەکان باسیان لە گرنگی خێراکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار و پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەش و فایلی ڕاهێنان کرد.
شایانی باسە پێش ئەم کۆبوونەوەیە، سێ کۆبوونەوە لە نێوان لایەنەکان بەڕێوەچووە. یەکەم کۆبوونەوە لە ١٩ی ئادار و دووەم کۆبوونەوە لە ١٢ی نیسان و دوایین کۆبوونەوەش سەردانی شاندی دیمەشق بوو بۆ کەمپی هۆڵ.
شاندی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک کە لە ١٢ی نیسان پێکهێنرا، پێکهاتبوو لە فەوزا یوسف ئەندامی ئەنجومەنی پەیەدە، عوبەید حەمید ئەلمەحباش هاوسەرۆکی پارتی سوریای ئایندە، سەنحەریب بارسوم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی سوریا، ئەحمەد یوسف، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی پاراستنی ژنان یەپەژە سوزدار حاجی، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی کاروباری کۆمەڵایەتی و خەباتکارانی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک، مریەم ئیبراهیم و هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دیموکراتیکی گەلان، یاسر سلێمان. هەروەها شاندەکەی دیمەشق پێکهاتبوو لە محەمەد قەناتری، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوە، عەبدولغەنی محەمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی پارێزگای حەلەب، مەسعوود بەتال، بەرپرسی دۆسیەی عەفرین لە هێزەکانی ئاسایشی گشتی و زیاد فەواز ئەل عایش، جێگری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری مەدەنی.