خەڵکی حەسەکە یادی شەهیدانی مانگی ئابیان بەرزڕاگرت
خەڵکی حەسەکە بە بەرنامەی جیا جیا شەهیدانی مانگی ئابیان یادکردەوە.
خەڵکی حەسەکە بە بەرنامەی جیا جیا شەهیدانی مانگی ئابیان یادکردەوە.
لە حەسەکە و ناوچەی تەل تەمری سەر بە حەسەکە، ٢ چالاکی جیاواز بۆ یادی شەهیدانی مانگی ئاب بەڕێوەچوو. سەدان کەس لە دانیشتووانی ئەو کانتۆنە و نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هێزە سەربازییەکان بەشدارییان لە مەراسیمەکاندا کرد.
لە شاری حەسەکە، دانیشتوان یادی ١١٨ شەهیدی هێزەکانی هەسەدە، یەپەگە، یەپەژە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، هێزەکانی ئەرکی خۆپاراستن، هەپەگە و یەژاستاریان کردەوە، کە لە کات و شوێنی جیاوازدا شەهید بوون.
لە میانی مەراسیمەکەدا، ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی حەسەکە بەرا ئەلعەلی یادی شەهیدانی کردەوە و گوتی: "ئەمڕۆ لە کەسێتی ١١٨ شەهیدەکەدا، یادی هەموو ئەو شەهیدانەی ڕێگەی ئازادی دەکەینەوە کە لەپێناو ڕزگاری گەل و خاکەکەیان گیانیان بەخشی".
بەرا باسی لەوەش کرد کە شەهیدان لەپێناو دەستکەوتەکان قوربانیان دا، هەروەها ئەوانیش بە پێی میتۆدی شەهیدان درێژە بە تێکۆشان دەدەن تا ئەو کاتەی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەدی دێت.
فەرماندەیەکی مەجلیسی سەربازیی حەسەکە، ئالان حەسەکە، بەڵێنی بە بنەماڵەی شەهیدان و بەشداربووانی مەراسیمەکە دا کە ڕێبازی شەهیدان پەیڕەو دەکەن و تۆڵەیان دەکەنەوە.
لە تەل تەمر، دانیشتوانی ناوچەکە یادی شەهیدان ڤەژین ژیان و ئۆزگور ڕۆنییان کردەوە کە لە مانگی ئابدا شەهید بوون.
ڤەژین ژیان شەڕڤانی یەپەژە لە ٢٧ی تەمموزدا لە ڕووداوێکدا بریندار بوو و لە ٧ی ئاب گیانی لەدەستدا.
گەریلای هەپەگە، ئۆزگور ڕۆنی، لە ساڵی ٢٠٢٢ لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهید بوو.
مەراسیمی شەهید ئۆزگور ڕۆنی لەلایەن بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا لە هۆڵی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی ناوچەکە بەڕێوەچوو.
مەراسیمەکە بە داگیرساندنی مۆم و هەڵواسینی وێنەی شەهیدان و وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێکرد. پاشان سینڤیزیۆنێک لەسەر شەهیدان پیشاندرا.
مەراسیمەکە بە خوێندنەوەی ناسنامەی شەهیدان و ڕادەستکردنەوەی بە بنەماڵەکانیان کۆتایی هات.