بە دیمەن

کۆنگرەی ستار: به هێزی ژنان کۆتایی بە دەسەڵاتداری و دەوڵەت دێنین

کۆنگرەی ستار لە دژی سزای لەسێدارەدان بەسەر داکۆکیکاری مافەکانی ژنان پەخشان عەزیزی و چالاکوان شەریفە محەمەدی دا ڕایگەیاند: "ئێمە دژی هەموو تاوانەکانی دژ بە ژنان دەوەستینەوە و تێکۆشانمان بەرز دەکەینەوە.

لقی ٢٦ی دادگای  ئینقلابی تاران سزای لەسێدارەدانی بەسەر پەخشان عەزیزی داکۆکیکاری مافەکانی ژنان و شەریفە محەممەدی چالاکواندا سەپاند. کۆنگرەی ستاری کانتۆنی فورات دژی سەپاندنی ئەم سزایە لەسەر ئاستی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' کۆتایی بە دەسەڵاتداری بەسەر ژناندا دەهێنن.

بەیاننامەکە لەلایەن پەیمان عەلوش ڕێکخەری کۆنگرەی ستاری کانتۆنی فوراتەوە، خوێندرایەوە.

دەقی بەیاننامەکە وەهایە:

"لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شۆڕشی گەلان بە پێشەنگایەتی ژنان دەستیپێکرد، ئەم شۆڕشە بوو بە شۆڕشی مرۆڤایەتی، لە سەختترین هەلومەرج و زەحمەتیەکاندا توانیان ژیانێکی ئازاد، یەکسان و پێکەوەژیان، بە گوێرەی، فەلسەفەی ڕێبەری مرۆڤایەتی، ڕێبەر ئاپۆ، نەتەوەی دیمۆکراتیک دابمەزرێنن و هەموو گەلانی هەرێمەکە لە سیستەمەکەدا جێگیرکران.

لە هەموو جیهاندا ڕۆژانە ژن دەکوژرێت و دەستدرێژی دەکرێتە سەریان. بۆ ئەوەی کۆمەڵگا و گەلان بتوانن بە شێوەیەکی ئازاد و ئاشتیانە پێکەوە بژین، بە دڵنیاییەوە پێویستە پێکەوە تێکۆشان بکەین. بەتایبەت وەک ژنان ئەرکی سەرەکیمان بەشداری چالاکانەیە لە تێکۆشانەکانی ژناندا. هەر بۆیە دەڵێین لە جیهاندا هیچ ژنێک نییە کە لەلایەن دەسەڵاتداریی پیاوەو سزا نەدرابێت. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەموو ژنان بە سەرهەڵدانی 'ژن،ژیان، ئازادی'، لە هەموو بەشێکی جیهان بەشدارییان لە سەرهەڵدانەکەدا کرد. ڕژێمی ئێران تاوان دژی ژنان ئەنجام دەدات. هەموو به ناو دامودەزگا ڕاستڕەو و دیموکراسیەکان چاویان بەرووی کردەوەکانی ڕژێم دا گرتووە. قەد نابێت ژن بەپێچەوانەی ویستی خۆی کۆیلایەتی قبوڵ بکات. ژنێکە هەناسەی ئازادی لە دڵ و مێشکیدا هەڵمژیوە قەد ناگەڕێتەوە بۆ دواوە. ژن ئیتر خاوەنی ئایدۆلۆژیی، باوەڕ، حیزب و سوپایە.

ئێمە بە توندی بڕیاری لەسێدارەدانی ژنان، شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزین ئیدانە دەکەین. داوا لە ڕژێمی سێدارە دەکەین دەستبەجێ دەستە گڵاوەکانی لەسەر ژنان لاببات و واز لە بڕیاردان بەسەر ژناندا بێنن. هاوکات هیچ زانیارییەک لە وریشە مورادیەوە نییە. لەگەڵ ئەمەشدا نیگەرانییەکان زیاتر دەبن. لەسەر ئاستی جیهانی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێکۆشانمان لە دژی هەر جۆرە دڕندەییەک دژی ژنان بەرز دەکەینەوە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا پێویست بە تێکۆشانێکی مەزن بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانی مرۆڤەکان هەیە. ئێمە وەک ژنان پێشەنگایەتی ئەم تێکۆشانە دەکەین. هەتا کۆتایی، لە بەرامبەر هەر جۆرە زوڵم و چەوساندنەوەی دەوڵەتی پیاوسالار، تێکۆشانمان بەرز و بەرفراوانتر دەکەینەوە."