بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر شارەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە. یەکێک لەو شوێنانەی کە دوێنێ بۆردومان کرا کارگەی زەیتونی ڕۆهیلات بوو لە شاری ئامودێ. بنەماڵەی شەهیدان و دانیشتوانی شارەکە بۆ شەرمەزار کردنی ئەو هێرشانە لە تەنیشت کارگەی زەیتونی عامودێ خێمەیەکیان هەڵدا. نوێنەری دامودەزگا هەرێمییەکانیش بەشەدارییان لە چالاکییەکەدا کرد.
چالاکوانان سەبارەت بەو بابەتە قسەیان بۆ ئاژانسی ANF کرد. ئەندامی یەکێتی ڕۆشنبیرانی جزیرە و مامۆستای زانکۆی ڕۆژئاوا بەشیر مەڵا نەواف وتی: "دەوڵەتی تورک سەرکێشی بۆ ئەو دەوڵەتانە دەکات کە هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد، ئامانجی دەوڵەتی تورک لەم هێرشانەدا لەناوبردنی ژێرخانی ناوچەکە و چەوساندنەوەی گەلی کوردە".
بەشیر مەلا نەواف دەستنیشانی کرد کە ئەوان هەرگیز لە دەوڵەتێک ناترسن کە دەیەوێت لەناویان ببات و وتی: "ئێمە گەلێکین کە لەسەر فکری دیمۆکراتیک و ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجالان هەنگاو دەنێین، کتێب و ڕۆشنبیری ڕێبەری گەلی کورد فشاری لەسەر دەوڵەتی تورک دروست کردووە. ئەو هێرشانەی کە لەم ڕۆژانەدا ئەنجامی دا لەبەر بەهێزی دەوڵەتی تورک نەبوو لە بەر ئەوە بوو کە لە ڕووخانی کۆماری تورکیا دەترسا".
بەشیر مەڵا نەواف لە دڕێژەی قسەکانیدا وتی: "دەوڵەتی تورک بە چری هێرش دەکاتە سەر کۆگاکانی خواردن، وەک گەلی عامودێ هێرشەکانی دەولەتی تورک و بێدەنگی هێزە نێونەتەوەییەکان شەرمەزار دەکەین. دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکە کە بە توندرەوی خۆی ناسراوە، دەبێت کۆمەڵگای نێونەتەوەیی سنورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنێن و بێدەنگ نەبن".
ئەندامی ئەنجومەنی ئاشتی گوندەکانی عامودێ میرۆ زۆرۆ وتی: "ئەوەی کە دەوڵەتی عوسمانی لە بەرامبەر گەلی کورد دا ئەنجامی دەدا، دەوڵەتی تورکیش دەیەوێت هەمان شت لە بەرامبەر گەلی کوردا ئەنجام بدات. ئیمە گەلێک نین کە لە ژێر دەستی دەوڵەتە نێونەتەوەییەکاندا بین، مافمان هەیە و خۆمان پارێزگاری لەمافی خۆمان دەکەین. بەو هێرشانە هەوڵ دەدەن ئاشتی و یەکڕیزی ناچەکە لەناوببەن، بەڵام پالانەکەیان سەرناکەوێت".
میرۆ زۆرۆ دەستنیشانی کرد کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە چری هێرش دەکاتە سەر خەڵکی مەدەنی و وتی: "دەبێت هەموو دامەزراوەکان بە یەک دەنگ لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا بوەستنەوە".