لە دەیرەزۆر ٢ ڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا

مەجلیسی سەربازی دەیرەزۆر و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل و ماڵوموڵکیان لە چەتەکان، ٤٨ کاتژمێر قەدەغەی هاتوچۆی لە دەڤەرەکە ڕاگەیاند.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) بە ڕاگەیاندراوێک، قەدەغەی هاتوچۆی لە دەیرەزۆر ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوە سبەی دەست پێ دەکات و ٤٨ کاتژمێر بەردەوام دەبێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەگوترێت: " بەهۆی ڕەوشی ئەمنی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر و هەروەها ئەو بەو هۆیەی چەکدارەکانی سەر بە دامەزراوە ئەمنییەکانی ڕژێم و شانەکانی داعش هەوڵدەدەن فیتنە  لە هەرێمەکە بڵاوبکەنەوە و خەڵکی سڤیل بۆ پیلانە گڵاوەکانیان ڕابکێشن، مەجلیسی سڤیلی دێرەزۆر و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی دێرەزۆر ڕادەگەیەنن. قەدەغەکردنەکە سبەی (٢ی ئەیلول) کاتژمێر ٥:٠٠ دەست پێ دەکات و بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر بەردەوام دەبێت".

هەسەدە ڕایگەیاند، ئەوان گیانی خەڵکی سڤیل و موڵک و ماڵیان لە چەتە چەکدارەکان دەپارێزن و ڕێگە نادەن چەتەکان لەناو خەڵکی سڤیلدا خۆیان بشارنەوە.

هەسەدە، ڕۆژی ٢٧ی ئاب، ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش'ی  دەستپێکرد، دژی چەتەکانی داعش و ئەو کەسانەی هەوڵی دروستکردنی پشێوی و بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر دەدەن.