لە هەرێمی فورات ئامادەکاری بۆ فێستیڤاڵی منداڵان بەردەوامە

مامۆستای گروپی شانۆی منداڵان، عەلی عیسا ڕایگەیاند، ئەم ڤێستیڤاڵە پێشکەش بە منداڵانی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی دەکەن و دەڵێت، "منداڵان پێشەنگی جڤاکن. دەبێت خاوەندارێتی لە ئەوان و چاندەکەمان بکەین".

بە پشتیوانی ناوەندی چاند و هونەری باقی خەدۆ و هیلالی زێڕین شەشەمین ڤێستیڤاڵی منداڵان ، بە دروشمی "منداڵان هیوای داهاتوویەکی ئازادن" لە ٢ی ئەیلول بەڕێوەدەچێت. ئەم ڤێستیڤاڵە دوو ڕۆژ دەخایەنێت و بریارە هەڵپەڕکێ، گۆرانی، شیعر، شانۆگەری و وێنە لە کارنامەی فێستیڤاڵەکەدا بن.

ڤێستیڤاڵەکە بە ڕێپێوانێک لە گۆرەپانی ژنی ئازاد دەست پێدەکات و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندی چاند و هونەری باقی خەدۆ.

ئەم ڤێستیڤاڵە بۆ جاری شەشەم بە سەرپەرشتی هیلالی زێڕین و ناوەندی چاند و هونەری باقی خەدۆ بەڕێوەدەچێت .

و ئەم ڤێستیڤاڵە بۆ شار و شارۆچکەکانی هەرێمی فورات ئامادەکراوە و منداڵانی شاری کۆبانێ، منداڵانی داینگەی شارەکە و لە بەشی ژنان و پەروەردە و مناڵانی تر، ئامادە دەبن بۆ نمایشکردن لە فێستیڤاڵەکەدا.

 لە کۆتاییدا عەلی عیسا گوتی: "هیوامان زۆرە و ئەمەش کارێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی هۆشیاری و حەز و ئارەزووی منداڵان بۆ چاند و هۆنەری خۆیان. هیوادارین ساڵی داهاتوو حەوتەمین ڤێستیڤاڵ لە هەرێمە داگیرکراوەکانی وەک عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی ئەنجام بدەین. ڤێستیڤاڵەکە لە ساڵی نوێدا بە ڕەنگی نوێ و هونەری نوێ پێشکەشی هەموو منداڵێک بکەین. مەبەست لە فێستیڤاڵەکە دڵخۆشکردنی منداڵانە. چونکە منداڵ ئایندەی کۆمەڵگایە و ئەوە نەوەی نوێیە کە جڤاک ڕزگار دەکات. هەر بۆیە دەبێت خاوەندارێتی لە  منداڵەکانمان و چاندەکەمان بکەین".