لە حەسەکە پرسە بۆ ڕۆژنامەنووس عەگید ڕۆژ دانرا
شاندێکی یەرەئا و یەرەژە چوونە سەردانی پرسەی ڕۆژنامەنووس عەگید ڕۆژ کە ١٥ ی شوبات لە هێرشی دەوڵەتی تورک شەهیدکرا.
شاندێکی یەرەئا و یەرەژە چوونە سەردانی پرسەی ڕۆژنامەنووس عەگید ڕۆژ کە ١٥ ی شوبات لە هێرشی دەوڵەتی تورک شەهیدکرا.
ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی شاری حەسەکە بۆ ڕۆژنامەنووس شەڕڤان سیدۆ (عەگید ڕۆژ) کە دوێنێ (١٥ ی شوباتی ٢٠٢٥) لە هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە بەنداوی تشرین شەهیدبوو، لەبەردەم ماڵەکەی خێمەی سەرەخۆشی دانا. بنەماڵەی شەهید عەگید ڕۆژ کە بەزۆرەملێ لە شەهباوە کۆچبەر بوون، لە گەڕەکی مفتی شاری حەسەکە دەژین.
شاندێک لە دەیان ئەندامی یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد (یەرەئا) و یەکێتی ڕاگەیاندنی ژن (یەرەژە) سەردانی خێمەکەیان کرد و سەرەخۆشیان لە بنەماڵەی شەهید عەگید کرد.
لەسەر ناوی یەرەئا محەمەد ئەمین موتلو قسەی کرد و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید کرد و تیشکی خستەسەر تێکۆشانی شەهید عەگید کە لە ساڵی ٢٠١٢ ـەوە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەرخۆدانی عەفرین و حەلەبی ڕووماڵ کردووە.
هەروەها تیشکی خستەسەر ڕۆڵی شەهید عەگید لە ڕووماڵکردنی چالاکییەکانی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەنداوی تشرین بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکان.
موتلو ڕایگەیاند دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە پێنووسی ئازاد دەترسێت، بۆیە بەم دواییانە ڕۆژنامەنووسانی وەک پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA) جیهان بیلگین و ڕۆژنامەنووس نازم داشتان و لە باشووری کوردستان ڕۆژنامەنووس عەزیز کۆیلوئۆغلوی کردە ئامانج.
هەروەها دووپاتی کردەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناتوانێت دەنگی ڕاستی سەرکوت بکات و بەڵێنی دا بە درێژەدان بە ڕێگەی شەهید عەگید و هەموو شەهیدانی ڕاگەیاندنی دیموکراتیک.