لە ماوەی یەک مانگدا ٥١ هێرش بۆ سەر عەفرین و شەهبا ئەنجامدراوە

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزە سەربازییەکانی عەفرین و شەهبا بڵاویکردەوە، لە مانگی ئابدا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، لانیکەم ٥١ جار هێرشی کردووەتە سەر هەردوو ناوچەکە. هاوکات چوار جاریش هێزەکانی حکومەتی دیمەشقی کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ١٠ سەرباز بریندار بوون.

بەپێی ئامارێک، کە لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزە سەربازییەکانی عەفرین و شەهبا بڵاوکراوەتەوە، سوپای تورک لە نێوان ڕۆژانی ٣ بۆ ٣١ی ئابی ٢٠٢٣دا، ٣٣ گوند، ناحیە، قەزا و سەدان گۆڕەپانی کانتۆنەکانی عەفرین و شەهبای بۆردومان کردووە.
هەر بە گوێرەی ئامارەکە، لە ٥١ هێرش کە بە هاوەن، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کاتیوشا ئەنجامدراون، ٢٥٦ گولـلە هاوەن، ١٦٤ کاتیوشا، ٦ موشەک، ٦ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکارهێنراون. هەروەها هێرشەکان زیانی ماددییان لێکەوتووەتەوە.
هاوکات دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەو ماوەیەدا، ٤ جار بنکە سەربازییەکانی حکومەتی دیمەشقی بۆردومان کردووە. کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانە ١٠ سەربازی حکومەتی دیمەشق بریندار بوون.

ژ.ن