لە نزیک لازقیە شەڕ هاتەئاراوە.. ٥ سەربازی دیمەشق گیانیان لەدەستدا

لە ناوچەیەکی سەر بە لازقیە شەڕ لە نێوان هێزەکانی حکومەتی دیمەشق و تەحریری شام هاتەئاراوە و لە ئەنجامدا ٥ سەربازی دیمەشق گیانیان لەدەستدا و چەتەیەکیش کوژرا.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چەتەکانی موعاوییە بن ئەبی سوفیان سەر بە چەتەکانی تەحریر شام هێرشیان کردوەتە سەر خاڵێکی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لە دەوروبەری سەراف لە ناوچەی جەبەل ئەکراد لە باکووری لازقیە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە هێرشی چەتەکاندا بۆ سەر خاڵی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق، چەتەیەکی 'تەحریر شام' کوژراوە و دوو چەتەی دیکەش برینداربوون، هەروەها ڕۆژنامەنووسێکیش کە ڕووماڵی شەڕەکەی کردووە، بریندار بوو.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، شەڕێکی دژوار لە نێوان چەتەکانی تەحریر شام و هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لەو ناوچەیە هاتووەتە ئاراوە، لە هەمان کاتدا هەردوولا تۆپبارانی یەکتریان کردووە، لە ئەنجامدا ٥ سەربازی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقیش گیانیان لەدەستداوە.

باس لەوەش دەکرێت، کەسانێکی دیکەش لەو شەڕەدا بریندار و گیانیان لەدەستداوە.

ژ.ن