لە قامیشلۆ بۆ ڕێبەری گەلی کورد ڕێپێوانێکی جەماوەری بەڕێوەچوو

سەدان کەس لە قامیشلۆ ڕێپێوانیان کرد، دووپاتیان کردەوە، تا بەدیهاتنی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان درێژە بە تێکۆشان دەدەن.

چالاکییەکان دژی گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە. دوێنێ لە شاری قامیشلۆ نزیک یاریگای شەهیدانی ١٢ ی ئادار، چالاکی دانانی خێوەت دەستی پێ کرد. لە ڕۆژی دووەمدا، سەدان دانیشتووی پێکهاتە جیاوازەکانی کانتۆنی قامیشلۆ (تربەسپی، عامودا، تەل حەمیس) هاتنە بن خێوەتەکە. چالاکوانان بە بەرزکردنەوەی پانکارتی "ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، مسۆگەری ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوینە" و درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ"، بەرەو بارەگای کۆمیسیۆنی کاروباری کۆچبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێپێوانیان کرد.

لەبەردەم بارەگای کۆمیسیۆنی کاروباری کۆچبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، خولەکێک ڕێزگرتن بەڕێوەچوو. پاشان، بەناوی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی جەزیرە، هاوسەرۆکی دەستەی ناوخۆ، کەنعان بەرەکات، گوتی: "زیاتر لە ٢٥ ساڵە، گۆشەگیرییەکی گران لەسەر ڕێبەری مرۆڤایەتی هەیە، کە ژیان و فیکر و فەلسەفەکەی خستۆتە خزمەتی گەلەکەییەوە. با تەواوی جیهان بزانێت، ڕێبەر ئاپۆ تەنها نییە، ملیۆنان کەس لەگەڵ ئەودان".

هەروەها گوتی: "دەوڵەتی فاشیستی تورک دەیگوت، بە گرتنی ڕێبەر ئۆجالان دۆزی گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەناو دەبەن، بەڵام دۆزی کورد شکست ناهێنێت، چونکە گەلەکەمان شارستانیەتێکی لەسەر خاکی کوردستان بنیات ناوە. کەس ناتوانێت ئیرادەمان بشکێنێت، ئێمە ئیرادەمان لە بەرخۆدانی زیندانی ئامەدەوە وەرگرتووە".

"بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەرێتی، کوردستان ڕزگار دەبێت"

بەرەکات هەروەها  گوتی: "ڕێبەرێتی بە دەوڵەتی تورکی گوت، ئەگەر پێداگری لەسەر لەناوبردنی ئێمە بکەن، ئەوا ئێمە بەرخۆدان دەکەینە بناغەی ژیان.لەسەر بنەمای ئەم پرەنسیپە ساڵانێکە دژی سیاسەتی قڕکردن بەرخۆدان دەکەین".

بەرەکات ڕوویکردە نەتەوە یەکگرتووەکان و گوتی: "ئەو کەسەی داوای ئاشتی دەکات ئێستا لە زیندانی تاکەکەسیدایە، بەڵام ئەو کەسانەی دیکتاتۆرییەت بەڕێوەدەبەن ئازادن، ئێوە ئەرکە یاساییەکانتان بەرامبەر ڕێبەر ئۆجالان جێبەجێ ناکەن".

کەنعان بەرەکات، لە کۆتاییدا بانگەوازی تێکشانی کرد و گوتی: "ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان نوێنەرایەتی هەموو گەلان دەکات، ئەگەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە جەستەیی ئازاد بێت، هەولێر و قامیشلۆ و مەهاباد و ئامەد ڕزگار دەبن. وەک ئەرکێکی نەتەوەیی، دەبێت بەردەوام بین لە تێکۆشان بۆ ئازادیی وی".